مه‌ولوود به‌هرامیان 
دیمۆكراسی ئه‌مڕۆ له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیستویهكهمی زایینی‌دا بهڕهواجترینو په‌سندترین سیستمی سیاسییه. دیمۆكراسی مودێرن له‌سه‌ره‌تادا دیارده‌یه‌كی ڕۆژئاوایی‌و ئه‌وروپایی بوو به‌ڵام ئێستا بۆته ڕه‌وتێكی جیهانی. له سه‌ده‌ی ڕابردوودا ڕێژیمه سه‌ره‌ڕۆ، توتالیتێر، فاشیست‌و تاكحیزبییهكان ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا زاڵ بوون به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانه جۆراوجۆره‌كان جێگای خۆیان داوه به ڕێژیمه دیمۆكراتیكه جۆربه‌جۆره‌كان.
ئێمه‌ی كوردی به‌شمه‌ینه‌تیش له‌باری جوغرافیای سیاسییه‌وه ده‌كه‌وینه ئه‌م به‌شه له جیهان كه ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی پێده‌وترێ. له‌م به‌شه له جیهاندا هه‌موو شتێك گهشهسهندنو ڕه‌وتێكی نائاسایی به‌خۆوه بینیوه؛ دیمۆكراسیش له‌م خانه‌یه ناچێته ده‌رێ. له ڕۆژئاوا ڕه‌وتی مێژوو ڕه‌وتێكی سروشتییه، به‌م مانایه كه دوای دۆخه جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆرئاوا‌و تێپه‌ڕاندنی زۆر قۆناغی سهختو دژواری وه‌كو چاخی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، فیۆدالیزم، فاشیزم‌و نازیسم‌و ده‌یان شتی دیكه‌ی له‌م چه‌شنه به ئه‌نجامدانی نوێبوونه‌وه‌و ڕێنسانسێكی بنه‌ره‌تی گه‌یشتن به‌م جێگه‌یه كه ئێستا له هه‌موو بوارێكدا بوونه‌ته نموونه‌و ئێمه‌ی خۆرهه‌ڵاتی به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌خوازین لاسایی مودێلی گه‌شه‌سه‌ندنی گشتی ئه‌وان بكه‌ینه‌وه؛ چوونكه سیسته‌می ده‌سه‌ڵات، زانست، تهكنۆلۆژییو فه‌رهه‌نگیی ئه‌وان بۆته پارادایمی زاڵ‌و گوتاری سه‌رده‌م.
لێره‌دا ده‌مهه‌وێ ئاماژه به‌و ڕاستییه بده‌م كه ئێمه‌ی كورد به‌بێ فه‌راهه‌مكردنی بوار‌و ڕه‌خساندنی هه‌لی گونجاو ده‌مانهه‌وێ به ڕێگایه‌كدا بڕۆین كه به ڕای من كه‌مترین كاری بۆ کراوه. به‌ر له هه‌موو شتێك ئێمه پێویستیمان به گۆڕانكارییه‌كی باش له باری فه‌رهه‌نگییه‌وه هه‌یه. ئێمه ده‌بێ له بواری سه‌قامگیركردنی دیمۆكراسیدا كه‌سایه‌تیی دیمۆكرات په‌روه‌رده بكه‌ین. كه‌سایه‌تیی دیمۆكرات به جۆره كه‌سایه‌تییه‌ك ده‌وترێت كه لانیكهمی ئه‌م فاكته‌رانه‌ی خواره‌وه‌ی تێدا هه‌بێ:
- تاكی دیمۆكرات ده‌بێ له باری بیر‌و بۆچوونه‌وه لیبراڵ‌و ئازاد بێت، به‌م مانایه كه له‌جیاتی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها، ده‌سه‌ڵاتی كۆنكرێت‌و كۆنتڕۆڵكراوی بوێت. له ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆ بێزار بێت‌و ده‌سه‌ڵاتی یاسایی لای ئه‌و سه‌روه‌ر بێت. تاكی دیمۆكرات لایه‌نگری سه‌روه‌ری یاسا، جوێكردنه‌وه‌ی دهسهڵاتهکانو به‌گشتی ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی مرۆڤه.
- تاكی دیمۆكرات له باری بیر‌و هزره‌وه پلۆراڵهو هه‌م له ئه‌ندێشه‌ی زانستی، واته فه‌لسه‌فه‌ی زانست‌دا پێیوایه كه گه‌یشتن به سه‌رچاوه‌ی حهقیقهتو خودی حه‌قیقه‌ت هه‌روا ساكار نییه. حه‌قیقه‌ت دیارده‌یه‌كی چهندتوێییو نادیاره كه دیتنه‌وه‌ی زۆر ئه‌سته‌مه‌و پێویستی به گه‌ڕانێكی بهردهوامو هه‌وڵێكی بێوچانه، بۆیه ئه‌و شته‌ی كه مرۆڤ پێیوایه حه‌قیقه‌ته له‌وانه‌یه ته‌نیا به‌شێك له حه‌قیقه‌ت بێت‌و هه‌مووی نه‌بێت. دیاره هه‌ر كه‌سیش به پێوه‌ری زانسته‌كان، ئه‌زموونه‌كان، داخوازیی‌و دڵخوازه‌كانی خۆی بۆ دیارده‌كان دهڕوانێتو سروشتییه كه هه‌ر كه‌س له گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه به به‌شێك له حه‌قیقه‌ت ده‌گا یان ناگا. بۆیه ده‌بێ مرۆڤه‌کان ڕێز له بۆچوونه‌كان‌و بیر‌و باوه‌ڕی یه‌كتر بگرن. تاكی دیمۆكرات له باری سیاسیشه‌وه ده‌بێ پلۆڕاڵ بێ، به‌م مانایه كه هه‌موو ئه‌و كهسو لایه‌نانه‌ی كه وه‌كو ئه‌و بیر ناكه‌نه‌وه تووڕههڵنهداو ڕێز له به‌رانبه‌ری خۆی‌و لایه‌نی به‌رانبه‌ری خۆی ده‌گرێت.
- مرۆڤی دیمۆكرات پراگماتیسته، یانی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی‌و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆی‌و سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌و مافه‌كان‌و ئازادییه‌كانی ئینسانی لای ئه‌و به‌نرخترین به‌هاكانن. جاران زیاتر دیفاع له‌و بیرۆكه‌یه ده‌كرا كه "زۆرترین شادی بۆ زۆرترین مرۆڤه‌كان" به‌ڵام ڕوون‌و ئاشكرایه كه به‌شێكی زۆر له ئینسانه‌كان له سه‌ره‌تایترین پێداویستییه‌كان ته‌نانه‌ت پێداویستییه فیزیۆلۆژیكییهكانی خۆیان بێبه‌ش كراون. ئه‌مڕۆ مرۆڤی دیمۆكرات ئه‌و كه‌سه‌یه كه "له ڕهنجو ئازاره‌كانی مرۆڤایه‌تی" كه‌م بكاته‌وه چون ئاوه‌زی سه‌لیم وا حوكم ده‌كات كه "لابردنی ئێش‌و ئازاره‌كان له پێش گه‌یاندنی خۆشی‌و شادی به ئینسانه‌كانه".
- تاكی دیمۆكرات كه‌سێكه به هیچ شێوه‌یه‌ك ئازادیی سروشتیی خۆی ناكاته قوربانی‌و له‌نێو كۆمه‌ڵ یان گروپ یان لایه‌نی خۆیدا ناتوێته‌وه؛ له هه‌ر شوێنێك دیدی ڕه‌خنه‌یی خۆی دهپارێزێو خاوه‌نی دهنگو ڕای خۆشی دهبێو نابێته ئامرازێك به ده‌ست كه‌سانێكی تره‌وه؛ وه‌كوو ئیمانۆییل كانت ده‌ڵێت "بوونه ئامراز‌و وه‌سیله گه‌وره‌ترین بێ ڕێزیكردنه به مرۆڤ."
- دیمۆكرات كه‌سێكه له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا هاوكاری‌و نه‌خشی چالاكی هه‌یه‌و له خۆداسه‌پاندنی خۆی به‌سه‌ر خهڵكداو به وهداوكهوتنی كوێرانه له دهسهڵاتخوازانو ده‌سه‌ڵاتداران خۆ ده‌پارێزێت.
دیاره له به‌رانبه‌ر كه‌سایه‌تی دیمۆكراتدا كه‌سایه‌تی تۆتالیتێر‌و شموولی هه‌یه كه زه‌مینه‌خۆشكه‌ره بۆ سازان‌و پێكهێنانی سیستمێكی پاوانخوازو تۆتالیتێر. ئه‌م جۆره كه‌سایه‌تییه پێیخۆشه له خه‌ڵك وه‌کو ئامرازێك بۆ گه‌یشتن به ئامانج‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی كه‌ڵك وه‌ربگرێت. دیاره كه‌سایه‌تی نادیمۆكرات پابه‌ندی هیچ به‌هاو پرینسیپێكی ئه‌خلاقی نییه‌و ڕاو بۆچوونی كه‌سی به‌لاوه گرینگ نییه‌و له ئاكامدا خۆی له فاشیزمدا ده‌بینێته‌وه.
به بڕوای من تا ئێمه‌ی كورد نه‌بینه خاوه‌نی فه‌رهه‌نگێكی سیاسیی دیمۆكرات هه‌رگیز ناتوانین بنه‌ماو ڕێساكانی دیمۆكراسی له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی خۆماندا سه‌قامگیر بكه‌ین. ئێمه‌یه‌ك كه سیبه‌ری داری ڕه‌شی ئیستێبداد، دیكتاتۆری‌و كۆلۆنیالیزم به درێژایی 3000 ساڵ به‌سه‌رماندا زاڵ بووه‌و فه‌رهه‌نگێكی ڕزیوو ناشارستانی دواكه‌وتوویی سیاسیمان بۆ به میرات ماوه‌ته‌وه، به داخێكی گرانه‌وه دیكتاتۆریه‌ت له میشك، بیر‌و ئاكارماندا رۆچۆته خوارێ‌و له هه‌سته نه‌ستی کۆییماندا ئاماده‌یی هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته كوشه‌نده‌یه به‌رده‌وام بێ هه‌رگیز نابینه خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات، سیاسهتو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیمۆكرات‌و شارستانی.
به‌ختیار عه‌لی، بیرمه‌ندو ڕۆماننووسی كورد، پێیوایه كه حیزبایه‌تی كورد له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا گه‌وره‌ترین زه‌ربه‌ی له ناسیۆنالیزمی كوردی داوه‌و مه‌سه‌له‌ی ئه‌منی قه‌ومی كورد بۆته قۆچی قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندیی به‌رته‌سكی حیزبی. به باوه‌ڕی منیش ئێمه له‌باتی كاری حیزبی له‌سه‌ر بناغه‌ی له‌رزۆكی شه‌ڕی دهسهڵاتو پله‌خوازی پێویستیمان به كاری فه‌رهه‌نگیی به‌رده‌وام بۆ پێگه‌یاندنی نه‌سلێكی نوێ هه‌یه كه له‌ژێر په‌روه‌رده‌یه‌كی ئازاد‌و سروشتی‌دا بتوانێ توانایی وتنی "نه‌خێر"ی ههبێتو له هه‌مان كاتیش‌دا ڕێز له كه‌سی "به‌رامبه‌ر"یشی بگرێت‌و ئینسانهكانو بۆچوونه‌كانیان بۆ ئه‌و جێگای ڕێز‌و حورمه‌ت بن. نه‌وه‌یه‌ك كه بۆ پێكهێنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نیی پێشكه‌وتوو تێبكۆشێو حیزب له‌لای ئه‌و هه‌موو شتێك نهبێو هه‌تا بۆی بكرێ ده‌سه‌ڵات چكۆڵه بكاته‌وه‌و قودرهرتی سانتراڵ بشكێنێ‌و حه‌وزه‌ی ژیانی تاكه‌كه‌سی له جه‌معی جوێ بكاته‌وه‌و خهسارو نه‌خۆشی سیاسهتزهدهگی له‌نێو كورددا ڕیشه‌كێش بكا.
ئه‌و كێشانه‌ی ئێستا له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ده‌بینرێن زۆرتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ نه‌بوونی ڕووحی دیمۆكراسی‌و فه‌رهه‌نگی سیاسی‌و نه‌بوونی ڕێز بۆ ئازادی بیر‌و ڕا. به‌ڵام هیوادارم كه هه‌موومان له ڕابردوو كه باشترین مامۆستای مرۆڤه ده‌رس وهربگرینو چیدی به‌رژه‌وه‌ندیی کۆیی تهتهوهیی نه‌كه‌ینه قۆچی قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌سی خۆمان‌و بۆ مێژوو تۆماری كه‌ین"كه كۆمه‌ڵه مرۆڤێکی دڵسۆزی خۆنه‌ویستی خزمه‌تكاری گه‌له‌كه‌مانین" نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه... به هیوای ئه‌و ڕۆژه.