دکتور ره‌هبه‌ر مه‌حموودزاده
(دکتوڕای فه‌لسه‌فه‌ی زانست)
1_ زاراوه‌ی «غیابی گوتار» یه‌كه‌م جار له چوارچێوه‌ی په‌یڤی فیمینیسته‌كاندا، به شێوه‌یه‌كی تیۆریك، خرایه به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه. به‌لام ئه‌و چه‌مكه به‌ربڵاوه كه‌ئه‌م زاراوه‌یه ده‌یگرێته خۆی، هه‌ر له‌سنووری په‌یڤی فیمینیسمدا نامێنێته‌وه و به شێوه‌یه‌كی مه‌نتیقی، په‌لهاوێژی ده‌كا بۆ هه‌موو ئه‌و هه‌رێمه فیكرییانه‌ی تێیاندا، «گوتاری تایبه‌ت به‌كه‌مایه‌تییه‌كان»، مه‌وزووعییه‌تی هه‌یه.
فیمینیسته لیبڕاڵه‌كان، له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن پێكهێنانی ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانی وه‌ك یه‌ك بۆ ژنان – له چاو پیاوان- له زه‌مینه‌كانی پیشه‌یی و ئابووری و سیاسی‌دا، مافی یه‌كسان به شێوه‌یه‌كی یه‌كجاره‌كی بۆ ژنان دابین ده‌كا و سته‌می مێژوویی، له‌سه‌ر ئه‌م به‌شه له كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا، ده‌سڕێته‌وه به‌ڵام فیمینیسته‌كانی ڕادیكاڵ، ئه‌م بۆچوونه ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه و له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن كه تا ئه‌و كاته‌ی گوتاری پیاو سالارانه، به‌ئاشكرا و نائاشكرا، كار ده‌كاته سه‌ر زمان و زه‌ینییه‌ت و بۆچوونه‌كانی ڕه‌سمی و غه‌یره ڕه‌سمی ناو كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی. دابینكردنی ده‌ره‌تانی یه‌كسان بۆ ژنان، هه‌رگیز ناگا به ئه‌نجامی وه‌دیهاتنی مافی خوازراو و دوایی ئه‌وان، به‌ڵكو ده‌سپێكی بزووتنه‌وه‌ی ژنان ده‌بێ بیرازكردنی* زه‌مینه‌ی پێكهێنانی گوتارێكی غه‌یری پیاو سالارانه و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م گوتاره له كۆمه‌ڵگادا بێ. به‌م پێیه باڵی ڕادیكاڵی فیمینیسته‌كان، داواكاریی ژێرسازی بزووتنه‌وه‌ی ژنان، به بزاڤێكی ڕۆشنبیریی خاوه‌ن گوتار ده‌كه‌ن و چالاكی حقوقی و سیاسی ڕووت به‌جووڵانه‌وه‌یه‌كی وه‌ڵامده‌ر نازانن. به پێی به‌روبووه‌كانی ئه‌م باسه، له‌گه‌ڕیانی به‌ره‌وڕوبوونه‌وه‌ی په‌راوێزی به‌هێند نه‌گیراو و ناوه‌ندی خۆ به‌زلزان له جڤاته‌كانی سه‌رده‌می مۆدێرندا، ئه‌و كه‌ره‌سته‌یه‌ی كۆمه‌ڵگای بۆكه‌نار- ڕادراو ده‌بێ پێی ته‌یار بێ- له‌بناغه‌یی ترین ئاستی ئه‌م پڕۆژه‌ی به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌یه‌دا – چه‌ك و چۆڵ و شتومه‌كی تری مادی نییه، به‌ڵكو گوتارێكی هه‌مه لایه‌ن-ه كه كۆمه‌ڵی په‌راوێز بتوانێ ته‌واوی ڕوخساربه‌ندییه‌كانی زانایی* خۆی تێدا به‌ڕێوه‌ببا و، به‌ره به‌ره بپه‌ڕژێته سه‌ر به‌ده‌سته‌وه‌دانی مۆدێلێك بۆ نه‌خشكێش كردنی هێڵه‌كانی – بگۆڕیان نه‌گۆڕی- شوناسی* تایبه‌تی خۆی.
وه‌ك دیاره ناوكی ئه‌م باسه، مه‌سه‌له‌ی گوتاره، به‌ڵام خودی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له چ باسێكی تیۆرێكدا شه‌قڵ ده‌گرێ و ڕایه‌ڵكه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ئه‌م باسه، كامه ده‌سته له چه‌مكه بناغه‌یییه‌كان ده‌گرێته خۆی؟ به‌كورتی «گوتار» چۆن پێناسه ده‌كه‌ین و هێڵی پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ مه‌به‌سته‌كانی تر چۆن وێنا ده‌كه‌ین؟
گوتار (discoarse) له ته‌عبیره جیاوازه‌كان دا، پێناسه‌ی جیا جیای بۆ كراوه. به‌بڕوای ئێمیل بنوه‌نیست (1903-1976) گوتار، به‌شێكی زمانه كه پێوه‌ندی به‌قسه‌بێژ و شوناسه‌كه‌ی (identity) و هه‌ڵكه‌وتی كاتی و شوێنی ئه‌و هه‌یه. له‌م بۆچوونه‌دا گوتار بریتییه له لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و شوناس سازی زمان.
له‌په‌یڤی میشێل فۆكۆدا (1926-1984) مانای گوتار، به‌چه‌مكی «ئه‌پیستمه»وه ده‌به‌سترێته‌وه. ئه‌پیستمه یان ڕوخساربه‌ندی زانین، چه‌شنێك زانست نییه، به‌ڵكوو ئه‌و كۆمه‌ڵه پێوه‌ندییه‌یه كه له سه‌رده‌مێكی تایبه‌تدا، له نێوان زانسته‌كان و له ئاستی یاساكانی گوتاریدا هه‌یه.
گوتار، چ به مانا شوناسسازه‌كه‌ی و چ به‌مانا ده‌سه‌ڵاتسازه‌كه‌ی، ئه‌و پانتازمانییه‌یه كه به‌جێیه ده‌نگی ئاشكرا بوون و دۆزرانه‌وه‌ی یاسا شاراوه‌كانی، یه‌كه‌وڕێ گوێی كه‌مایه‌تییه‌كان بزرنگێنێته‌وه.
ئه‌گه‌ر كه‌مایه‌تییه‌كان، تووشی په‌تای «غیابی گوتار» بوونه، له‌ولاوه ده‌بینین كۆمه‌ڵگاكانی زۆرینه خاوه‌نی سامانێكی فیكری و زمانین كه ده‌كرێ به «داپه‌ستراوی گوتار»* ناوی ببه‌ین. به‌م شێوه‌یه ده‌بینین دیالۆگی نێوان زۆرایه‌تی و كه‌مایه‌تی یان ده‌سه‌ڵاتدار و بێ ده‌سه‌ڵات كه هه‌مان دیالۆگی نێوان كۆمه‌ڵگای خاوه‌ن گوتار و كۆمه‌ڵی بێبه‌ری له گوتاره، له ڕاستیدا، بریتییه له تاكبێژیی خاوه‌ن گوتار و دووپاتكردنه‌وه‌ی به‌سته‌زمانانه‌ی هه‌مان تاكبێژی له لایه‌ن كۆمه‌ڵی بێبه‌ری له گوتار و وره‌گرتنی شوناسی بێگانه و توانه‌وه له ناو ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا. كه‌واته ته‌نیا ئه‌و دوو لایه‌نه ده‌توانن پێكه‌وه دیالۆگ ساز بكه‌ن كه هه‌ردووكیان له باری داپه‌ستراوی گوتاره‌وه خاوه‌نی سامانێكی كه‌م و زۆر وه‌ك یه‌ك بن. گوتار سازی گه‌رچی نابێ وه‌كو پڕۆژه‌یه‌ك چاوی لێ بكرێ كه هه‌موو به‌شه‌كانی به موهه‌ندیسییه‌كی تایبه‌تی وه‌ك موهه‌ندیسی كۆمه‌ڵایه‌تی یان فه‌رهه‌نگی به‌ڕێوه ده‌چێ، به‌ڵام به‌م حاڵه‌شه‌وه ناتوانێ پێوه‌ندی به‌ویست و خواست و ڕاده‌ی وشیاری و ڕۆشنبیری كۆمه‌ڵه‌وه نه‌بێ.
2_ با له ئاقاری چه‌مكی گوتاره‌وه، قه‌ڵه‌مبازێك بده‌ین بۆ ده‌ڤه‌ری باسی «شوناس» چۆنیه‌تی شه‌قڵ گرتنی* شوناس، هۆكاره‌كانی مێژوویی و فه‌رهه‌نگی و سیاسی ئه‌م پڕۆسه‌یه و قه‌یرانی شوناس و گۆڕان و دینامیك بوونی پارامێتره‌كانی شوناس، له ئاراسته جیا جیاكان دا، به‌شێوه‌ی جیاوازه‌وه خراونه‌ته به‌ر سه‌رنج و تیۆریان بو داڕێژراوه. ئاخۆ ئه‌م بابه‌ته چۆن ده‌به‌سترێته‌وه به‌مه‌سه‌له‌كانی ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه و نووسین و وه‌رگێڕان؟
د. عه‌بدولكه‌ریمی سرووش، ڕۆشنبیری به‌ناوبانگی ئێرانی بۆ نیشاندانی پێوه‌ندی پته‌وی نێوان شوناس و زه‌ینییه‌ت، ئه‌م تیۆرییه ده‌رده‌بڕێ:
«زه‌ینییه‌تی ئاڵۆز، ده‌بێته هۆی شه‌قڵ گرتنی هۆویه‌تی ئاڵۆز و به پێچه‌وانه،شۆناسی هه‌راوو پته‌و و ڕێك‌وپێك، به‌رهه‌م هاتووی زه‌ینییه‌تێكی ڕێك‌وپێك و نیزام- داره»1
ئه‌گه‌ر ئه‌و زاراوانه‌ی له ئاخاوتن یان له نووسیندا به‌كاریان دێنین، بخه‌ینه به‌ر سه‌رنج، ده‌بینین به‌دوو ده‌سته دابه‌ش ده‌بن واته تێرمه‌كانی به‌رهه‌ست و تێرمه‌كانی تیۆریك. وشه‌كانی ده‌شت و كێ‌و و سارد و گه‌رم، ده‌لاله‌ت بۆ شتی به‌رهه‌ست ده‌كه‌ن. به‌ڵام تێرمه‌كانی ئه‌تۆم، ئه‌لكترۆن، دیارده‌ناسی، پێكهاته‌خوازی* و... به‌تیۆری و زه‌مینه‌ی زانستی تایبه‌ت به‌خۆیانه‌وه پێناسه ده‌كرێن.2
به‌م پێیه، ته‌واوی ئه‌و تێرمه تیۆریكانه‌ی به‌هۆی وه‌رگێڕانه‌وه، له فه‌رهه‌نگ و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه، ده‌گوێزرێنه‌وه بۆ ناو فه‌رهه‌نگێكی تر، ئه‌گه‌ر وێڕای تیۆری و پێناسه به‌ربڵاوه‌كانی خۆیانه‌وه، نه‌گوێزرێنه‌وه، ئاڵۆزییه‌كی زۆر له زه‌ینییه‌تی گشتی و به‌كۆمه‌ڵی كه‌لتووری وه‌رگێڕدا ساز ده‌كه‌ن و هه‌ر له ئاكامی ئه‌م زه‌ینییه‌ته ئاڵۆزه‌شه‌وه، زه‌برێكی گورچكبڕ له شوناسی تایبه‌تی پێوه‌ندیدار به‌و فه‌رهه‌نگه ده‌وه‌شێنن و به ئاشكرا تووشی قه‌یرانی ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ریش له‌مه‌وپێش ئه‌و قه‌یرانه هه‌بووه، به‌شێوه‌یه‌كی چه‌ند قات، په‌ره‌ی پێ ده‌ده‌ن.
دیاره چه‌مكه قووڵه‌كانی فه‌لسه‌فی له زاتی خۆیاندا، ته‌مومژاوین، كه به‌شێوه‌یه‌كی ناپسپۆڕانه‌ش وه‌رده‌گێڕدرێن، یان قسه‌یان لێ ده‌كرێ، به‌جارێك سه‌قه‌ت ده‌بن و كه‌ڵكی فیكرییان پێوه نامێنێ و ئه‌م ڕه‌وته‌ش ده‌گا به ئه‌نجامی له نێوچوونی هاوسه‌نگی و راوه‌ستاویی له پانتای فه‌رهه‌نگ و شوناسدا.
رۆشنبیری و بیری كورد به گشتی و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی به‌تایبه‌تی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، له‌م لایه‌نه‌وه هه‌م خزمه‌تی پێكراوه‌و هه‌م سیمای داڕووشاوه و تووشی ئازار و ئاڵۆزی بووه. ئاخۆ خاڵه به هێز و لاوازه‌كانی ڕۆشنبیری كوردی، به‌گشتی له پانتای گوتارسازیدا، چی بوونه و چۆن ڕسكاون؟
3_ یاكوبسن، له ده‌سته‌به‌ندی كردنی شێوه‌كانی وه‌رگێڕاندا، سێ جۆری وه‌رگێڕان لێك هه‌ڵداوێرێ:
ئـ. وه‌رگێڕانی ناو زمانی واته ڕاڤه‌ی سیستمێكی زمانی به‌كۆمه‌ڵه نیشانه‌یه‌كی تری سه‌ر به‌هه‌مان زمان. ده‌توانین بۆ خۆمان بو‌ئه‌و چه‌شنه وه‌رگێڕانه، نموونه‌ی گۆڕینی ده‌قی كۆن «مه‌سحه‌فا ڕه‌ش» بۆ سه‌ر زمانی كوردی ئه‌وڕۆ بێنینه‌وه.
ب. وه‌رگێڕانی نێوان زمانی، یان ئه‌وه‌ی به‌گشتی نێوی وه‌رگێڕانی له‌سه‌ر داده‌نرێ. واته گۆڕینی نیشانه‌كان له زمانێكه‌وه بۆ زمانێكی تر.
پ. وه‌رگێڕانی نێوان نیشانه‌یی واته ڕاڤه‌ی سیستمێكی زمانی به سیستمێكی تری نیشانه‌یی وه‌كو دروستكردنی فیلمی سینه‌مایی له شوێنه‌وارێكی ئه‌ده‌بی.3
ده‌سته‌به‌ندی كردنه‌كه‌ی یاكوبسن لێره‌دا كۆتایی پێدێ. به‌ڵام ئێمه ده‌توانین هه‌ر له‌سه‌ر بناغه‌ی كاری ئه‌و به‌هێنانه‌گۆڕی باسی «جیاوازی گوتاره‌كان» په‌ره به‌م پۆلێنكردنه بده‌ین و ئاماژه به چه‌شنه وه‌رگێڕانێك بكه‌ین كه‌ده‌كرێ به‌وه‌رگێڕانی «نێوان گوتاری» ناودێر بكرێ؛ واته ڕاڤه‌ی ئه‌و تێڕوانین و تیۆریانه‌ی له ناو چوارچێوه‌یه‌كی زمانی تایبه‌تدا شه‌قڵیان گرتووه، به‌شێوه‌ی گواستنه‌وه‌یان له گوتارێكی خاوه‌ن كۆ – ڕێسای تایبه‌تی خۆیه‌وه بۆ گوتارێكی دووهه‌م یان ناوین به‌كۆ- رێسایه‌كی جیاوازه‌وه.
دیاریكردنی چه‌ند هه‌رێمێكی زمانی وه‌كو پانتای گوتاری ناوین، مه‌رجێكی پێویستی بڵاوبوونه‌وه‌ی كاڵاكانی فیكری و ڕۆشنبیری له ناو خه‌ڵكدان. ده‌توانین له‌م باره‌وه، به‌راوردێك له نێوان لقه‌كانی جیاوازی چالاكی به‌شه‌ری بكه‌ین:
له ڕوانگه‌ی سیاسه‌ته‌وه، چینی ناونجی ناو كۆمه‌ڵ، وه‌كوو هۆی سه‌ره‌كی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له حكوومه‌تی پاوانخواز، بۆ حكوومه‌تی دێموكرات چاوی لێ ده‌كرێ، واته هه‌تا چینی نێونجی له باری حه‌شیمه‌ته‌وه به‌شێوه‌یه‌كی دڵخواز هه‌ڵی نه‌دابێ، زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار بۆ سه‌قامگیر بوونی دێموكراسی پێك نایه. له ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵناسییه‌وه، وه‌چه‌كانی نێونجی ڕه‌هه‌ندی گواستنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ له وه‌چه‌كانی به‌ساڵاچوو، بۆ وه‌چه‌كانی لاوترن. هه‌ر به‌م پێیه له بواری ئه‌ندێشه و ڕۆشنبیرییه‌وه، بڵاوبوونه‌وه‌ی گوتاره‌كانی ناوین، ده‌توانن به‌ره به‌ره چه‌مكی نوێ و بۆچوونی مۆدێرن له ناو پانتا فیكرییه‌كان بته‌ننه‌وه و ببنه هۆی توێكڵ ده‌ركردن و تازه بوونه‌وه‌ی چوارچێوه‌كانی ڕۆشنبیری.
لێره‌دا با ئه‌و باسه بێنینه گۆڕێ كه به‌رهه‌مه‌كانی ڕۆشنبیری چۆن جێگای خۆیان له ناو خه‌ڵكدا ده‌كه‌نه‌وه و شوێنی پێویست داده‌نێن؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌كرێ سێ قۆناغی به‌رهه‌مهێنان* و بڵاوكرنه‌وه* و ده‌كار كردن* بو‌باسه‌كانی تیۆریك ده‌سنیشان بكه‌ین.
كاڵاكانی فیكری و ڕۆشنبیری له ئاستی یه‌كه‌مدا له لایه‌ن ڕۆشنبیرانه‌وه و له‌ناو چوارچێوه‌یه‌كی گوتاریی هه‌ڵبڕاو له گوتاری خه‌ڵكی ڕه‌شۆكیدا به‌رهه‌م دێن. دیاره لۆژیكی تایبه‌تی باس وخواسه‌كانی فیكری و فه‌لسه‌فی داوای ئه‌م چه‌شنه گوتاره ده‌كا. له‌م ناوه‌دا خوێنده‌وارانی باڵا كه له باری ژماره‌وه، چه‌ند قاتی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ن كه‌داهێنانی تیۆریك ده‌كه‌ن، به‌ڵام زۆر كه‌متر له‌و خه‌ڵكه‌ن كه كاڵا فیكرییه‌كان ده‌كار ده‌كه‌ن، له ئاستی دووهه‌مدا به شێوه‌یه‌كی ڕێك وپێك باسه‌كانی تیۆری له گوتارێكی قورسه‌وه، وه‌رده‌گێڕن بۆ گوتارێكی ناوین و ده‌یگه‌یه‌نن بۆ ئاستی سێهه‌م و له‌به‌ر ده‌ستی ده‌كار كه‌رانی ئه‌م كاڵا فیكرییانه، واته زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ده‌نێن.
ڕۆشنبیری كوردی، له‌و جێگایانه‌دا، كه له ئاستی بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی فیكری و له كاری وه‌رگێڕانی نێوان گوتاریدا سه‌ركه‌وتووه، توانیوێتی كاركردی ئیجابی و شوێن دانه‌رانه‌ی خۆی هه‌بێ و له‌و جێگایانه‌شدا كه له كاری وێناكردنی چوارچێوه‌ی گوتاره‌كانی ناوین و كاركردن له ناو ئه‌م چوارچێوه‌یه‌دا بێ ده‌سه‌ڵات بووه، بۆته هۆی شێواندنی زه‌ینییه‌تی خۆی و خه‌ڵكی و ته‌ریك خستنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه ڕۆشنبیرییه‌كان و، هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه ڕه‌نج به‌خه‌سار بووه. بێگومان ئێمه له پانتای بیری كوردیدا، هه‌ردووك نموونه‌مان پێ شك دێ.
كارل پۆپێر (1903-1994)، بابه‌تی هه‌ڵسووڕان له ده‌ره‌وه‌ی گوتاره دژواره‌كان ده‌به‌ستێته‌وه به باسی كۆمه‌ڵگای كراوه و دێموكراسی. پۆپێر له‌م باره‌وه ده‌ڵێ: (به‌بڕوای من ئه‌ه یه‌كێك له گه‌وره‌ترین و خێراترین به‌رپرسایه‌تییه‌كانی زانایانه و ڕه‌نگه ته‌نانه‌ت له هه‌مووشیان گه‌وره‌تر بێ چونكه ئه‌م ئه‌ركه «واته نووسین و په‌یڤین به‌زمانی ناپێچیاو» پێوه‌ندی به‌مانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كراوه و دێموكراسییه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر زانست ببێته پاوانی كۆمه‌ڵێكی داخراو له پسپۆران، كۆمه‌ڵگای كراوه، «واته كۆمه‌ڵگایه‌ك نه‌ك هه‌ر بۆ ته‌حه‌ممولی بۆچوونه‌كانی جودابیرانه، به‌ڵكوو بۆ رێزلێنانیشیان» و دێموكراسی «واته شێوه‌یه‌كی حكوومه‌ت كه ته‌رخان كرابێ بۆ پاراستن و چاوه‌دێری له كۆمه‌ڵگای كراوه» ناتوانێ ڕه‌گاژۆ بكا و پێ بگا)4
4_ هه‌روه‌ك چۆن دژوار نووسین ده‌بێ سنووری بۆ دابنرێ، ساده‌نووسینیش خاوه‌نی سنووری تایبه‌تی خۆیه‌تی. بۆچی ئێمه ناتوانین شێوه‌ی ساده نووسین بۆ قه‌واره‌دان به‌هه‌موو جۆره باس و بابه‌تێك به‌كاربێنین؟
با گه‌ڵاڵه‌ی وڵامه‌كه‌مان، له‌و ڕسته‌وه ده‌ست پێبكه‌ین: (پێداویستی تێك هه‌ڵچوون له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتنی باو، به كێشه‌هاتن له‌گه‌ڵ گوتار و زمانی تێگه‌یشتنی باوه)
نیزامی ده‌لاله‌تی و چوارچێوه‌یه‌كی گوتاریی ده‌سنیشان كرا‌و، هه‌ر بۆی هه‌یه نیزامی فیكری تایبه‌ت به‌خۆی دابهێنێ. سیستمی ئه‌ندێشه‌یی نۆیژه‌ن، دامه‌زراو له‌سه‌ر گوتارێكی نوێژه‌نه. هۆی ئه‌م پێوه‌ندییه ئه‌وه‌یه كه زمان هه‌رگیز له‌باری ئایدۆلۆژیكه‌وه، بێ لایه‌ن نییه. واته ئایدۆلۆژییه‌كانی جیاواز، به‌نهێنی به‌ڵام به قووڵی، نه‌خش و نیگاری تایبه‌ت به خۆیان له ناو پێكهاته‌ی زمانی باوی خۆیان هه‌ڵده‌كه‌نن و ئاخێوه‌ران به ده‌كاركردنی ئه‌م زمانه زه‌ینییه‌تیان به پێی ئه‌و ئایدۆلۆژییه‌ی له ناو زمانیاندا هه‌ڵكه‌ندراوه، شه‌قڵ ده‌گرێ. یه‌كێتی سێ كۆچكه‌ی زمان _ ئایدۆلۆژی _ زه‌ینییه‌ت، ده‌بێته هۆی سروشتی و به‌ڵگه نه‌ویست نواندنی ئه‌و تێڕوانینه ده‌سكردانه كه له نیزامێكی ده‌لاله‌تی جیاوازدا، به شێوه‌یه‌كی به‌ڵگه نه‌ویست، چاویان لێ ناكرێ. كه‌واته ناكرێ به‌هۆی گوتاری تایبه‌ت به تێڕوانینێكه‌وه، گریمانه‌كانی تایبه‌ت به‌هه‌مان ئه‌و تێڕوانینه ڕه‌ت بكه‌ینه‌وه. (كاترین بلزێی)، نووسه‌ری كتێبی (عمل نقد) (critical practice) له‌م باره‌وه ده‌ڵێ:
(نووسراوه‌ی نووسه‌رانی پاش _ سۆسۆری وه‌كو لوویی ئالتووسێر، ڕۆلان بارت، ژاك دریدا و ژاك لاكان، گه‌رچی له زۆر باره‌وه، جیاوازییان هه‌یه، به‌ڵام له باری دژواربونه‌وه، وه‌كو یه‌كن و ئه‌و دژوار بوونه‌ش هه‌ر به‌ته‌نیا به‌هۆی تامه‌زرۆییه‌كی نه‌خۆش ئاسا بۆ ته‌مومژ و تاریكایی نییه. به‌ره‌وڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ گریمانه و بایه‌خه‌كانی باو، ناكرێ به‌هوێ گوتارێكه‌وه به‌ڕێوه‌بچێ كه له‌به‌ر ساده بوون، دووباره هه‌مان ئه‌و گریمانه و بایه‌خانه به‌رهه‌م دێنێته‌وه)5.
كه‌چی ئه‌و نووسه‌ره، سه‌ره‌ڕای ئه‌و بۆچوونه، ده‌ڵێ من خۆم هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌م تا ئه‌و جێگایه‌ی مه‌نتیقی گوتاری نووسه‌رانی پاش – سۆسۆری هه‌ڵده‌گرێ و سیمای داناڕووشێ، تێڕوانینه‌كانیان، ساده بكه‌مه‌وه. كه‌واته وه‌كوو ئه‌نجام گیرییه‌ك ده‌توانین زۆر ڕوون و بێ گرێ و گۆڵ، چوارچێوه‌كانی گوتاری ناوین دیاری بكه‌ین:
گوتاری ناوین، ئه‌و گوتاره‌یه له دوو لایه‌نه‌وه سنووری بۆ دانراوه واته سنووری دژوار نووسین تێ‌نه‌په‌ڕاندن له چوارچێوه‌كانی وه‌رگێڕانی نێوان گوتاری‌یه و سنووری ساده نووسین، خۆ پاراستن له كه‌وتنه ناو چوارچێوه‌یه‌كه كه بۆی نییه گوتارێكی مۆدێرنی لێ به‌رهه‌م بێ.
5_ جیاوازی دانان له نێوان دوو چه‌مكی «كاركردن له ناو» گوتارێكی تایبه‌ت و «كاركردن به‌هۆی» گوتارێكی تایبه‌ت، ده‌مانگه‌یه‌نێ به ئه‌نجامێكی به‌كه‌ڵكی‌تر و ده‌رگای باسێكی پێویستی ترمان بۆ ده‌خاته سه‌رپشت.
كاركردن له ناو په‌یڤێكی تایبه‌ت، ناتوانێ له ئاكامی به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی گریمانه و بایه‌خه باوه‌كانی ئه‌و گوتاره بترازێ. به‌ڵام كاركردن به هۆی په‌یڤێكه‌وه، به‌مانای هه‌ڵێنجان و كه‌ڵك وه‌رگرتن له زه‌رفییه‌ته‌كانی زمانیی گوتارێكی تایبه‌ته، بێ ئه‌وه‌ی خۆمان بخه‌ینه ناو قه‌فه‌سی بیر و بۆچوونه‌كانیه‌وه.
بۆ نموونه ئه‌و په‌یڤه‌ی حه‌سه‌نی قزڵجی تێیدا نووسیوه، سیستمێكی ده‌لاله‌تییه كه بۆ تێڕوانینێكی «ماركسیستی و ڕادیكاڵ و نه‌ته‌وه خوازانه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌می مرۆڤی كورد» ساز دراوه. ئه‌گه‌ر نوسه‌رێك به تێڕوانینێكی «كوردی و لیبڕاڵی و غه‌یری ئایدۆلۆژیكی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌می» بیهه‌وێ ته‌واو له ناو گوتاری قزڵجیدا هه‌ڵسووڕێ، ناتوانێ به‌ته‌واوی پابه‌ندی بۆچوونه‌كانی خۆی بێ. به‌ڵام هه‌مان ئه‌و نووسه‌ره، بۆ سازدانی هه‌رێمێكی زمانی له‌بار بۆ گوتاری خۆی، ده‌توانێ كه‌ڵك له زه‌رفییه‌ته‌كانی گوتاریی، زمانی قزڵجی وه‌رگرێ.
كه‌واته ده‌كرێ دوو جۆره هه‌ڵوێستی ناوه – گوتاری (درون گفتمانی) و ده‌ره- گوتاری (برون گفتمانی) لێك هه‌ڵاوێرین. هه‌ڵبه‌ت له هه‌ڵوێستی جۆری دووهه‌میشدا، وانییه خاوه‌نه‌كه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر چه‌شنه گوتارێك، سیستمی ڕوانینی خۆی به‌رهه‌م بێنێ. دابه‌شكردنی ئه‌و هه‌ڵوێستانه، دابه‌شكردنێكی ڕێژه‌یییه. واته ئه‌و كه‌سه‌ی له به‌رامبه‌ر گوتارێكدا خاوه‌نی هه‌ڵوێستێكی ده‌ره‌گوتارییه، سه‌باره‌ت به په‌یڤێكی تردا، بێگومان هه‌ڵوێستێكی ناوه‌گوتاری هه‌یه. فۆكۆ و دریدا، هه‌ر كامه به شێوه‌ی خۆیان، ره‌خنه له گوتاری گشتی مۆدێرنیته ده‌گرن، به‌لام له ئاكامدا گوتارێكی فۆكۆیی یان دریدایی به‌رهه‌م دێنن و تێیدا هه‌ڵده‌سوورێن
مه‌به‌ستی من له هێنانه به‌رباسی ئه‌و بابه‌ته،ڕوونكردنه‌وه‌ی چۆنیه‌تی سازدانی كارلێك* و پێوه‌ندی ئیجابی نوسه‌رانی مۆدێرنی كورد له‌گه‌ڵ بیرمه‌ندانی هه‌ڵكه‌وته‌ی نه‌ریتخوازه. نووسه‌ری ئه‌مڕۆی كورد – له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ی باسمان كردن- ناتوانێ هه‌ڵوێستێكی ناوه- گوتاری له به‌رامبه‌ر په‌یڤی كارپێكراوی كه‌سانێكی وه‌كو هه‌ژار و هێمن و قزڵجی ڕه‌چاو بكا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌توانێ به‌ڕه‌چاوكردنی هه‌ڵوێستێكی ده‌ره-گوتاری، زیره‌كانه به‌سه‌ر سامانی زمانی نووسه‌رانێك وه‌ك ئه‌و ناوانه‌ی گۆرین یان كه‌سانێكی وه‌ك مه‌سعوود محه‌ممه‌د و شوكر مسته‌فا دا زاڵ بێ، بێگومان له كاری پێكهێنانی گوتارێكی ناوینه و له دامه‌زراندنی سیستمێكی بیریی بۆ مرۆڤی كوردی ئه‌وڕۆ سه‌رناكه‌وێ. هه‌ربۆیه ئه‌وه‌نده‌ی پێویسته نووسه‌رانی لاوی ئێمه، بۆچوونه‌كانی بارت و باختین وهایدگێر و گادامێر و ... بخوێننه‌وه و دووباره‌یان بكه‌نه‌وه و فێریان بن و ده‌كاریان بكه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ش پێویسته خۆیان به‌خوێندنه‌وه و ده‌كاركردنی به‌لێشاوی ئه‌و نووسراوانه ڕابهێنن كه سامانه زمانی و گوتارییه‌كانی كوردی‌یان تێدا په‌ستراوه‌ته‌وه.
6_ با جارێكی تر، سه‌ر له به‌ری وتاره‌كه‌مان به‌سه‌ر كه‌ینه‌وه. باسه‌كه‌مان له مه‌سه‌له‌ی «غیابی گوتار»ه‌وه ده‌ست پێكرد، غیابی گوتار، ئه‌و بارودۆخه‌یه كه بیرمه‌ندی كورد له‌وێوه ده‌ستی پێكردووه، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه ئێستا له‌و دۆخه‌ی تێپه‌ڕاندووه. ته‌نانه‌ت ده‌كرێ بلێین ئه‌و ده‌ستپێكردنه، له لایه‌ن نووسه‌رانی سوننه‌تی كورده‌وه به‌ڕێوه چووه.
به‌راوردكردنێكی ئه‌و زمانه كوردییه‌ی فیكر و فه‌لسه‌فه‌ی نوێی پێ ده‌نووسرێ له‌گه‌ڵ زمانی شێعری و ڕۆمانتیكی نیو سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر، بۆچوونی تێپه‌ڕاندن له دۆخی گۆرین، پشت ئه‌ستور ده‌كا.
گوتاری ڕۆشنبیری كوردی ده‌بێ كۆمه‌ڵه‌ی په‌یڤه جۆراوجۆره‌كانی فه‌لسه‌فی و كۆمه‌ڵناسی و سیاسی و ڕه‌خنه‌یی و ئیدی بگرێته‌وه و له هه‌ر كام له‌م زه‌مینانه‌دا، پسپۆران ئه‌و گوتاره ده‌وڵه‌مه‌ند كه‌ن.
به‌ڵام هه‌ڵسووڕان له پانتای گوتاردا، مه‌ترسییه‌كانی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و ئه‌گه‌ر ئه‌و چالاكییه به‌ڕێك وپێكی و به پێی به‌رنامه و تیۆری به‌ڕێوه نه‌چێ، ته‌نانه‌ت زیانه‌كانی تا ئه‌و جێگایه په‌ره‌ده‌ستێنێ كه شوناسی نه‌ته‌وه‌یی تووشی ئاڵۆزی بكا. بۆ به‌رگری كردن له‌و خه‌ساره، تیۆرییه‌ك پێشنیار كراوه كه ئه‌و هیوایه‌ی بۆ ده‌كرێ بمانگه‌یه‌نێ به‌هه‌رێمه بێ زه‌ڕه‌كانی چالاكی زمانی.
ناوئاخنی ئه‌و تیۆرییه، بریتییه له پێناسه‌كردنی هه‌رێمێكی گوتاری به‌ربه‌ند كرا‌و به‌دوو سنووری تایبه‌ت و، ده‌وڵه‌مه‌ندكراو به‌هه‌ڵوێستێك. سنووری سه‌رووی ئه‌وده‌ڤه‌ره به پێی تیۆری وه‌رگێڕانی نێوان گوتاری و سنووری خوارووی به پێی بۆچوونی بارگاوی بوونی په‌یڤه جیاوازه‌كان له ڕووی ئایدۆلۆژیكه‌وه، وێنا كراون. له نێوان ئه‌و دوو سنووره‌دا، مه‌ودایه‌كی ئاسۆیی پێك دێ. به‌لام ڕه‌چاوكردنی هه‌ڵوێستێكی ده‌ره-گوتاری بۆ هه‌ڵێنجانی زه‌رفییه‌تی به‌كه‌ڵكی زمانی پێش مۆدێرن، حه‌ره‌كه‌تێكی ئه‌ستوونی بۆ قووڵایی سامانی زمانی و فیكری كوردی پێك دێنێ.
گرینگی وه‌رگێڕانی نێوان گوتاری ئه‌و كاته ده‌رده‌كه‌وێ كه قه‌ناعه‌ت به‌و ڕاستییه بێنین، ئه‌مڕۆ ته‌نانه‌ت تێفكرینیش سروشتێكی ته‌رجه‌مه‌یی هه‌یه. چونكه چوارچێوه گشتییه‌كانی عه‌قڵانییه‌تی نوێ، له لایه‌ن ناوه‌نده‌كانی شارستانیه‌تی جیهانی مۆدێرنه‌وه دیاری كراون و ئێمه پێمان خۆش بێ یان نا له ده‌ره‌وه‌ی ئه چوارچێوه گشتییانه‌دا خاوه‌نی سیستمێكی فیكری تایبه‌تی نین. له ڕاستیدا عه‌قڵانییه‌تی ئه‌وڕۆ، هه‌ر به‌ته‌نیا موڵكی ڕۆژئاوا نییه، به‌ڵكو موڵكی ته‌واوی مرۆڤایه‌تییه.
مرادی فه‌رهاد پوور، له باره‌ی كۆمه‌ڵه وتارێكی نووسراوی خۆی ئاوا ده‌ڵێ:
«گیانی زاڵ به‌سه‌ر ئه‌م وتارانه، گیانی وه‌رگێڕانه... وه‌رگێڕان نه‌ك هه‌ر هانه و سه‌رچاوه، بگره ڕه‌وشت و ڕێسای نووسینی ئه‌م وتارانه‌ی پێك هێناوه. من زۆر داكۆكیم له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه كه له ده‌وره‌ی هاوچه‌رخدا، وه‌رگێڕان- به‌به‌ربڵاوترین مانای وشه‌وه – تاقه شێوازی ڕاسته‌قینه‌ی تێفكرینمانه».6
تێبینی: ئه‌م وتاره وه‌كوو پێشه‌كی بۆ كتێبی «ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و قوتابخانه‌كانی» له نووسینی «چارلز برێسلێر» و وه‌رگێڕانی «عه‌بدولخالق یه‌عقووبی»، نووسراوه. ئه‌م كتێبه له ساڵی 2003 دا له لایه‌ن ده‌زگای په‌خشی ئاراسه‌وه بڵاوكرواوه.
_________________________
سه‌چاوه‌و په‌راوێزه‌كان:
1و2_ عبدالكریم سروش، اخلاق خدایان، چاپ اول، تهران، گرح ن‌و، ێ 157-174
3_ بابك احمدی، ساختار و تأویل متن، چاپ اول، تهران، نشر مركز، ێ 72
4_ جرمی شی‌یرمر، اندیشه سیاسی كارل پوپر، ترجمه عزت‌الله فولادوند. چاپ اول، تهران، گرح ن‌و، ص15
5_ كاترین بلزی، عمل نقد، ترجمه عباس مخبر، چاپ اول، نشر قصه تهران، ێ 17
6_ مراد فرهاد پوور، عقل افسرده، چاپ اول، تهران، گرح ن‌و، ێ 15.
مانای وشه‌و زاراوه‌كان:
بیرازكردن: ته‌خت كردن زه‌مینه خۆش كردن
روخساربه‌ندی زانایی: چورت بندی دانایی- اپیستمه
شوناس: هویت
داپه‌ستراویی گوتار: تراكم گفتمان
شه‌قڵ گرتن: شكل گرفتن
پێكهاته‌خوازی: ساختارگرایی
به‌رهه‌م هێنان: تولید
بڵاوكردنه‌وه: توزیع
ده‌كار كردن: مصرف
سه‌رچاوه: وێبلاگی کاک یۆنس ره‌زایی