مه‌ولوود به‌هرامیان
پێشه‌کی
له که‌ش و هه‌وای ئه‌وڕۆی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری ئێمه‌دا قسه کردن، دادوه‌ری کردن‌و به وردبینی و به‌سرنجه‌وه شیته‌ڵ کردنی شته‌کان، ره‌خنه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی بیر‌و راکان، ئیشێکی گه‌لێک پڕزه‌حمه‌ته. هه‌رچه‌ند ده‌سته‌به‌ندی سیاسی‌و تا راده‌یه‌ک سیاسیی بوونی خه‌ڵک، مزگێنی کۆمه‌ڵگایه‌کی فرهحیزبو ئازادی ده‌ربڕینی بیر و ڕامان، له گوونده چکۆلانه‌که‌ی مارشاڵ مه‌ک لووهان پێده‌دا، به‌ڵام خه‌سارێکی ناحه‌زی له ته‌ک خۆیدا به‌دیاری هێناوه که ناکرێ له‌به‌ر چاو نه‌گیرێ. ئه‌و خه‌ساره ناشیرینه ئه‌وه‌یه که بۆته هۆی بشێویی بیر و زه‌ینی خهڵکو هۆی قوڕاو کردن‌و لێڵکردنی سه‌رچاوه‌کانی حهقیقهتو ڕێگه‌ی له باشداوهری کردن‌و ره‌خنه‌ی زانستی گرتووه‌و نووسه‌ران و بێژه‌رانی له‌گه‌ڵ پرسیارگه‌لێک ڕووبه‌ڕوو کردۆته‌وه که له‌گه‌ل جه‌وهه‌ری زانست و گه‌وهه‌ری"بیری ئازاد" نامۆیه. له‌هه‌ر کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا هه‌رکه زمانت گه‌ڕا یان پێنووست به سه‌ر قاقه‌زدا راخووشی، لێت ده‌پرسن؛ ته‌نانه‌ت به‌تایبه‌ت بانگێشتنت دهکهنو لێت ده‌پرسن؛ هه‌ڵوێستت سه‌باره‌ت به کێشه‌ی کورد چیه؟ ناوی حیزبه‌که‌ت چیه؟ لایه‌نگری کام تاقم و ده‌سته‌ی؟ ئینجا به بێ ئه‌وه‌ی وڵامێکت لێببیستن، یان چاوه‌ڕوانی وڵام بن، خۆیان وڵامی پرسیاره‌کانیان ده‌ده‌نه‌وه و مۆرکی ئاماده‌کراوی پێویستت لێده‌ده‌ن.
ئه‌و جۆره که‌سانه هه‌گبه‌یان پڕن له‌م چه‌شنه مۆرکانه و دوای چه‌ند سرکهسات له نێوچاوان‌و قسه‌کانتی دهدهنو دڵشادن له‌وه که هه‌م قسهکانو خۆتیان ناسیوه‌و چه‌کیان کردوویو به تووڕه‌یی به جێت دێڵن و دوایه‌ش په‌کوو پهکووت بۆ ده‌ڵێن و ده‌ڵێن "بۆت به‌داخین بریا وا نه‌بای و..." و هه‌زار نێو‌و نرتکهت لێده‌نێن و سیمایه‌کی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ت بۆ وێنا ده‌که‌ن که خۆشت خۆت نه‌ناسێوه. وشه‌کانت جلکیی دیکه‌یان ده‌به‌ر دهکرێو قسهکانو چه‌مکه‌کانت وه‌ها ده‌گۆڕدرێن که پێویستیان به"وه‌رگێڕانێکی" نوێ ده‌بێ و له ژێر زه‌ختی سیاسه‌تی چه‌واشه‌دا وشه مانای خۆیان ده‌دۆڕێنن و له کوشتارگه‌ی سیاستدا قوربانی مراز، ویست‌و هه‌ڵوێسته‌کان ده‌کرێن، هاوار ده‌که‌ی هۆ خه‌ڵکینه ئاوا مه‌که‌ن! ئه‌وه کارێکی ناڕه‌وایه، وای لێ مه‌که‌ن، کوڕ له جێگای باوک دامهنێنو حوکمی" قسه" له گه‌ل "وێژه‌ر-نووسه‌ر" تێکه‌ڵ مه‌که‌ن، گڕێپووچکهی ڕۆحی (عقده) له‌گه‌ڵ باوه‌ر(عقیده) تێک وه‌رمه‌ده‌ن، ده‌یانبینی که له‌ژێر ڕووبه‌ندێکی دۆگما دا هاوار ده‌که‌ن؛ چاوه‌کانی ئێمه به‌و خوار و لاربینینه فێر کراون، ئه‌هریمه‌نی بیری ئێمه له‌ناو ئه‌و ئاوه لێڵه‌دا باشتر ماسییه‌کان ڕاو ده‌کا! به‌ڵام هه‌ره‌شه‌ی ئه‌م شێوازه له نیقاب و پهچهداریه له‌وه دایه که خۆی له ژێر ناوی "کوردایه‌تی" و" شۆڕشگێڕی" و سۆزی نه‌ته‌وه‌یی و ... هتد. حه‌شار داوه و جلکی شه‌رعیه‌تی له‌به‌ر کردوه و ئه‌و ژاره که له‌و قه‌نده کراوه به شیرنێتی و رواڵه‌تی جووانی زۆر که‌سی فریو داوه‌و مراندووه.
با قسه‌کانی خۆم به ووته‌یه‌کی کراسمۆس درێژه بده‌م که ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر مانای ئه‌و وشانه‌ی ده‌کاریان دێنین به سرنج و روونییه‌وه نه‌زانین، ناتوانین سه‌باره‌ت به هیچ شتێک به شێوه‌یه‌کی باش و به‌که‌ڵک بدوێین، زۆربه‌ی ئه‌و باسه بێکه‌ڵکانه‌ی ئێمه ته‌واوی کاتی خۆمانی پێ به فیڕۆ ده‌ده‌ین، ده‌ره‌نجام و ئاکامی ئه‌و راستییه که هه‌ر کام له ئێمه به مانای ناڕوون له په‌یڤه‌کان(الفاظ) که‌ڵک وه‌رده‌گرین‌و له‌به‌ر چاومانه و گریمانهشمان هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که دژبه‌ره‌کانمان یا خود به‌رانبه‌ره‌کانیش ئه‌و چه‌مک و له‌فزانه هه‌ر به‌و مانایه ده‌کار بێنن، ئه‌گه‌ر هه‌ر له سه‌ره‌تاوه "په‌یڤه‌کان" پێناسه بکه‌ینه‌وه، باسه‌کانمان زۆر به‌که‌ڵکتر ده‌بن.
کۆنفسیۆسیش له قسه‌یه‌کی دا ده‌ڵێ: کاتێک فه‌وزا، ئاژاوه و پاشاگه‌ردانی له شوێنێکدا ده‌سه‌ڵاتدار بێ ؛ باشترین شتێک که ئینسانه‌کان به‌تایبه‌ت رۆشنبیره‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه بیکه‌ن؛ جاریکی دیکه پێناسه‌کردنه‌وه‌ی شته‌کانه، چوونکه له ڕوووی کۆمه‌ڵناسیشه‌وه زۆر جار فیکر ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ری ته‌پوتۆزی سمی ئه‌سپی کێشه‌کان، داب‌و نه‌ریت، دیارده سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و هتد و له ئاکامی کاری رۆژانه‌ی مرۆڤه‌کان، "چه‌مکه‌کان" مانای خۆیان ده‌دۆڕێنن. بۆیه دایم "فیکر" پێویستی به نوێبوونه‌وه هه‌یه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌پله‌ی یه‌که‌م زمان و پێنووسی رۆشنبیر ده‌بێ زمانێکی ڕه‌خنه‌گر بێ و کۆی دیارده‌کان بخاته به‌ر خه‌نجه‌ری ده‌بانی ره‌خنه و لێکۆڵینه‌وه و به ئامرازی" نه‌قد" راستی و هه‌روه‌ها لاری بیره‌کان ده‌ر بخا.
دیاره بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ی که باس کرا ره‌خنه‌گر پێویستی به ئامرازی" مه‌نتیق" و لۆژیکێکی عه‌قڵانیی هه‌یه‌و ده‌بێ بۆخۆی به‌ر له هه‌موو که‌س پابه‌ندی ده‌ره‌نجامه مه‌نتیقییه‌کان بێ و هه‌ر به‌و پێیه‌ش له‌سه‌ر بیر‌و ڕای خه‌ڵکیش دادوه‌ری عادیلانه و ئاوهزپهسهندانه بکا.
ره‌خنه و ره‌خنه له‌یه‌کترگرتن پرنسیپێكه به‌رهه‌می مۆدێڕنیته‌یه و نیشانه‌ی حاڵه‌تی تێپهرِاندنی فیكری و پراكتیكییانه‌ی نه‌ریته‌كانی كۆمه‌ڵگای سوننه‌تیه كه هیچ جۆره ره‌خنه‌یه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی خۆی و له ناوه‌وه‌ی خۆی وه‌رناگرێ و شتێکی ئیجگار به‌نرخه ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌کانی ره‌چاو بکرێن. ره‌خنه ئامرازێکه بۆ خوێندنه‌وه و یه‌که‌م شتیی که له‌م بواره‌دا ده‌بێ بگووترێ ئه‌وه‌یه که هیچ ره‌خنه‌یه‌ک به بێ تێگه‌یشتن له ده‌ق به‌دی نایه، ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر باش له ده‌ق تێنه‌گا چۆن ده‌توانێ ره‌خنه‌ی لێبگرێ و چاک و خراپی لێک جیا کاته‌وه؟
ره‌خنه‌گر بۆ ئه‌وه‌ی که ره‌خنه‌که‌ی جێ بگرێ ده‌بێ، لانیکه‌مێک له‌و ده‌قه‌ی که ڕاڤه‌ی ده‌کا وهربگرێو کۆی ده‌قه‌که ره‌ت نه‌کاته‌وه‌و به پێوه‌رو به پێی ئه‌و شتانه‌ی که‌یفی پێیان دێ یا خوود حه‌زی لێیان نیه‌و به پێشگریمانهکانو پاشخانی فیکری خۆی، مامه‌ڵه له‌ته‌ک چه‌مکه‌کانی ناو تێکست نه‌کا و له‌باریان نه‌با. پێویسته تیکست له‌ناو کانتێکستیو به‌ستێنی خۆیدا بخوێنرێته‌وه.
ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر به‌ڕێزێک به ناوی سیروان حه‌دداد له‌سه‌ر نووسراوه‌یه‌کی من له ژێر ناوی "نگرشی دوباره به مقاله‌ی اسلام و کردها" که چه‌ند تێبیییهکی دڵسۆزانه‌ی له‌سه‌ر نوسراوه‌یه‌کی به‌ڕێز ئه‌حمه‌د ئه‌مانی له‌خۆ گرتبوو که به دوو جار بڵاوم کرده‌وه، ووتارێکی نووسی و له ماڵپه‌ره‌که‌ی خۆی(سه‌رچاوه) دا بڵاوی کرده‌وه که جێگای رێز و پێزانینه.
له راستیدا نووسراوه‌که‌ی کاک سیروان له‌لایه‌نی کوردی نووسینه‌وه بۆم جێگای سرنج بوو، به‌ڵام مخابن، هیچ بهلاغهتو لۆژیکێکم له قسه‌کانی دا به‌دی نه‌کردو مه‌رجه‌کانی ره‌خنه‌گرتنی تێدا ره‌چاو نه‌کراوه به واتایهکیتر، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری قسه‌کانی به‌ڕێزیان له جێگه‌ی خۆیان دا نهبوونو زۆرتر وه‌کوو پڕووپاگهندهو مانیفێستی حیزبی له نه‌وعی تهسریحاتو بیانیهیی حیزبی، ده‌چن. ووتاره‌که‌ی ناوبراو چه‌ندین بابه‌ت له خۆی ده‌گرێ که پێویستیان به ڕاست کردنه‌وه‌و ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه و به یارمه‌تی ئێوه‌ی خوێنه‌ر تیشکێک دهخهمهر سه‌ر تێکسته‌که‌ی ئه‌و به‌ڕێزه، که له ژێر ناو و نیشانی"سه‌رنجێکی ووردبینانه له باوه‌ڕێکی ئیدئۆلۆژیک"دا نووسیوێتی.
کاک سیروان له سه‌ره‌تای نووسینه‌که‌ی دا له‌مه‌ڕ جه‌ماعه‌تی دهعوتو ئیسلاح دا ده‌نووسێ:" به‌ڵام به داخه‌وه تا ئێستا که‌سم نه‌دی له سه‌ر بیروباوه‌ڕی دوگم و به‌ستراوه‌ی جه‌ماعه‌تێکی نه‌خوازراوی هاورده بۆ کۆمه‌ڵگای کورده‌واری خۆمان بدوێ." پێویسته سه‌رنج بده‌ینه ئه‌و چه‌مکه کۆیییه کوللیانهی که نووسه‌ر ده‌کاریان دێنێ؛ بۆ منی خوێنه‌ر ڕوون نیه که مه‌به‌ستیان له " دوگم" چیه؟ ئاخۆ دوگما بوون ئه‌وه‌یه که وه‌کوو ئه‌و بیر ناکه‌ینه‌وه یان دوگم بوونیش یه‌کێک له‌و وشه نوێیانه‌یه که له‌سه‌ر زاران خۆش دێ و بۆ کلاسدانانیش بێ، وا باشه قسه‌کانی خۆمانی پێ بڕازێنینه‌وه! دۆگما بوون زیاتر ڕه‌وشێکی چه‌واشه‌کاریه نه‌ک باوه‌ڕ بێ، پێویسته ئه‌و راستیه‌ش بزانین که له رووی مه‌عریفییه‌وه ناتوانین بڵێین" هینده‌ک بیر‌و باوه‌ر دۆگمان و هیندهکیان دۆگما نین" به‌ڵکوو پێویسته بڵیین" دوو جۆره ره‌وش یان شیوازمان بۆ مامه‌ڵه‌کردن له ته‌ک "بیر‌و باوه‌ره‌کان" دا هه‌یه؛ یه‌کێکیان دۆگامتیکه و ئه‌ویتریان نادۆگماتیک، دۆگما بوون دابه‌شکردن له مێتۆد و رهوشهکانه نه‌ک له ئه‌ندێشه‌کان، میتۆدی دۆگما و مرۆڤی دۆگمامان هه‌یه، به‌ڵام بیروباوه‌ڕی دۆگمامان نیه، ئه‌وه شێوازی ئه‌و که‌سانه‌یه که بۆ زڕاندن و له مه‌یدان ده‌رکردنی به‌رانبه‌ره‌کان دهعهمهلی دێنن‌و خۆیان له‌م تاوانه مه‌عریفیه پاک‌و بێخه‌وش نیشان ده‌ده‌ن؛ ئه‌وه له کاتێک دایه که تاوانبار کردنی خه‌ڵکانێکی دیکه خۆی، جۆرێکه له دۆگما بوون و چه‌قبه‌ستوویی فیکری. بۆم هه‌یه کاکی نووسه‌ر به‌وه تاوانبار که‌م که ئه‌ویش له تاوانبار کردنی بیروباوه‌ڕی ئه‌م کۆمه‌ڵه مرۆڤه‌دا، ده‌مارگرژی و دۆگمابوونێکی له راده‌به‌ده‌ری له خۆی پیشان داوه به واتایهکیتر پێداگری له سه‌ر ئه‌وه کردوه که عه‌قیده‌یه‌کی دۆگم و بهستراوهیان هه‌یه. ئه‌م جۆره تێگه‌یشتنه له دۆگماتیزم هیچ کات، نابێته هۆکاری دوورکه‌وتنه‌وه له‌م دیارده‌یه؛ به‌ڵکوو دایمه‌ن خه‌ڵک بانگه‌شه ده‌کا بۆ دووره‌په‌رێزی له دۆگمابوونو ده‌ڵێ تۆ له دۆگمی خۆت واز بێنه تا دۆگمی من به‌سه‌رت دا بسه‌پێنرێ و هیچ کات داوای ره‌هابوون له دۆگماتیزم ناکا، ئه‌و جۆره قسه کردنه ته‌نیاو ته‌نیا بۆ کووتان و بێحورمهتی به به‌رانبه‌ر ده‌بێ و به‌س!
ره‌نگه کاکه سیروان وا بیر کردبێته‌وه که دۆگما بوون ته‌نیا تایبه‌تمه‌ندی که‌س و لایه‌نێکی تایبه‌ته که بیروباوه‌ڕی ئایینی‌یان هه‌یه، به‌ڵام بیروباوه‌ڕی ئه‌و و هاوڕێیانی! نادۆگما، ئازاد و ره‌هایه؛ به‌ڵام ئه‌وه جۆرێکی کوشه‌نده‌ی دیکه‌یه له دۆگمابوونو دژه ئاوه‌ز بوون. پێویسته ئه‌وش بڵێم که ئێمه نه ته‌نیا پێداگری له‌سه‌ر بیروباوڕ به شتێکی دزێو و ناحه‌ز نازانین بگره شانازیشی پێوه ده‌که‌ین و ناشبێ ئه‌و چاوڕوانییه هه‌بێ که به بچووکترین ره‌خنه ده‌ست له بیروباوه‌ڕی خۆمان ههڵبگرینو ببینه ده‌روێشی سینه‌چاکی خانقای به‌رانبه‌ره‌کانمان.
یه‌کێکی دیکه له‌و زاراوانه‌ی که کاکی نووسه‌ر، ئه‌م جه‌ماعه‌ته‌ی پێ تاوانبار ده‌کا به گوومانی ئه‌و، به‌ستراوه بوونیانه، نازانم ئاخۆ ئه‌و بیر‌و باوه‌ره‌ی ئه‌و جه‌ماعه‌ته هێناویانه شتێکی تازه‌یه‌و نووسه‌ر خۆی لێ ده‌بوێرێ و چاوی له راست ئه‌و راستیه ده‌نووقێنێ و یا خوود نازانێ که ئه‌و بیروباوه‌ڕو ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ی که ئه‌و پێی دوگم و به‌ستراوه‌یه لانیکه‌م مێژوویه‌کی 1400ساڵه‌ی سوننه‌تی (Tradition) له‌پشته و هه‌ڵقوڵاوی باوه‌ڕ و ئایینی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی کوردستانه‌و ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ش له‌م رابوونه‌ی دواییدا، هه‌ر به زمانی دین و ئایینی ئه‌م خه‌ڵکه و به خوێندنه‌وه‌یه‌کی سه‌رده‌میانه له باوه‌ڕی ئیسلامیی ئه‌م خه‌ڵکه، هه‌وڵی چاکسازی و ئیسلاحی مرۆڤی کورد به تاک، خێزان و کۆمه‌ڵگه له بوواری تێگه‌یشتن له ده‌قه دینیه‌کان و ره‌وشت و راهێنانی هه‌مه‌لایه‌نه و فره ره‌هه‌ند ده‌دا. لێره‌دا پرسیارگه‌لێک دێنه گۆڕێ؛ ئاخۆ ئیسلام‌و بیری ئیسلامی هاوچه‌رخ شتێکی تازه‌یه‌و هاورده‌یه یان کۆی ئه‌و هه‌مووه بیر‌و باوڕانهی له هه‌موو لانێکهوه نامۆن به فه‌رهه‌نگ، سوننه‌ت و مێژووی گه‌لی کورد‌و کوردستان؟ ئایا به‌رهه‌می پۆزیتیڤی بانگه‌شه‌ی لادینی، بیدینی و دژه ئایینی ئه‌و ده‌سته‌و لایه‌نانه‌ی- به ئه‌نقه‌ست- ده‌یانهه‌وێ خه‌ڵکی کوردی بۆ لای به‌رن و له شوناسی ره‌سه‌نی خۆی دووری که‌نه‌وه بۆ گه‌لی لێقه‌وماوی کورد چین؟
کاک سیروان نووسیوێتی که ئه‌م بیروباوه‌ڕه نه‌خوازراوه و هاورده‌یه، شایه‌د کاک سیروان باش بیری له‌م ووشانه نه‌کردۆته‌وه و نه‌زانێ که نێوئاخنی بیر و باوه‌ڕی ئه‌م جه‌ماعه‌ته‌ی که ئه‌و پێناسه‌یان ده‌کا، له ئیسلامی هه‌زار و چوارسه‌د ساڵه‌ی نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردوارییهوه وه‌رگیراوه و له ژێر ڕێنوێنییه به‌نرخه‌کانی قورئانی پیرۆز و فه‌رمووده بهجێییهکانی خۆشه‌ویستیان موحه‌ممه‌د(د.خ)زاخاوی مێشکیان دراوه و فێر بوون که کهرامهتو عیززه‌تی گه‌لی کورد له شوێنکه‌وتنی ئیسلام دایه‌و داڕزانی له دوورکه‌وتنه‌وه له‌م باوه‌ڕه پیرۆزه دایه(هه‌ر وه‌ک له وه‌سیه‌تنامه‌که‌ی پێشه‌وای نه‌مر قازی موحه‌ممه‌دیش دا، ئه‌م راستیه به ڕوونی باس کراوه و جه‌ختی له‌سه‌ر کراوه). ئه‌گه‌ر ئه‌م بیر‌و باوه‌ڕه که به‌رهه‌می کارلێکی سێ هۆکاری سه‌ره‌کی مرۆڤ، ده‌ق(قورئان و فه‌رمووده) و واقیع و سه‌رده‌مه هه‌ڵه و نه‌خوزراو بێ[1]، ئه‌وه هه‌موو نه‌وه و نهتیژهکانی بیرۆکه‌ی چه‌پ و راست نامۆتر و بیگانهترن و هه‌ڵقوڵاوی دۆخێکیتر و سه‌رزه‌مینێکی ته‌واو جیاوازتر له وڵاتی ئێمه‌ن، بۆ ئه‌وان نامۆ نین و بیری ئیسلامی نامۆیه؟ کاک سیروان سه‌یره باسی هاوردن و وارداتی بوونی"فیکر" له سه‌رده‌می جیهانگیری، شۆرش و ته‌قینه‌وه‌ی زانیاری و ئینفۆڕماسیۆندا ده‌کا؟! ئه‌و له‌و راستیه بێئاگایه ئه‌و جۆره پڕوپاگه‌ندانه باویان نه‌ماوه و نامه‌یه‌کی که جاران به ساڵێک ده‌گه‌یشته شوێنی دیاریکراو، ئێستا به 6 چه‌رکه ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی جیهان. پێم سه‌یره بۆنی خالیس و تۆخ بوونی بیروباوه‌ڕێکی دیاریکراو له قسه‌کانی دێ؛ له حاڵێک دا هیچ زمان، ره‌چه‌ڵه‌ک، باوه‌ڕ، که‌لتوور و مه‌عریفه‌یه‌کی تۆخ و پاڵاوته- ته‌نانه‌ت مه‌عریفه‌ی ئایینی تۆخ و نه‌گۆڕ له سه‌رده‌می ئێستا دا- بوونی نیه و له واقێعدا هه‌ر سات کولتووری ئینسانی که "مه‌عریفه‌ی ئایینی"یش به‌شێکه له‌و، له گۆڕان دایه.
پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێم که من نوێنه‌ری ئیخوان نیم‌و خۆشم به ئیخوانی به‌و مانایه که له بیری رێزدار حه‌دداد دایه، نازانم؛ ره‌نگه من و هاوڕێیانی منیش، له کاکی ره‌خنه‌گر زیاتر ره‌خنه‌مان له‌سه‌ر ئیخوان هه‌بێ! به‌ڵام نکوولی له شته باشه‌کانی ئه‌م قوتابخانه جیهانیه‌ی ئیسلامی ناکه‌ین و لامان وایه خزمه‌تێکی زۆری ئیسلام و بیری ئیسلامی هاوچه‌رخی کردوه، ئیخوان کۆمه‌ڵێک فریشته نین له عاسمانه‌وه هاتبنه خواره‌وه، بێگوومان هه‌ڵه‌ی زۆریشیان هه‌یه و خۆشیان دان به‌وه داده‌نێن. ئه‌وه‌نده‌ی من تێگه‌یشتبم فیکر بۆ ئه‌وان میحوه‌ری کار و تێکۆشانه نه‌ک که‌سایه‌تێکی کاریزما که بۆ هه‌تا هه‌تایه که‌س و تاقمێک بازرگانی به ناوی ئه‌و کهسایهتیوه بکه‌ن و له‌سه‌ر خوانی فیکری ئه‌و نان بخۆن.
کاک سیروان نووسیوێتی که ئه‌مه‌ی له ووتاره‌که‌ی مندا، باسی ئیخوان کراوه "هه‌مووی خوارایی تێدایه و ناکرێ راست بێ" به‌ڵام مخابن نه‌ینووسیوه که خوارایییهکهی له‌چی دایه! شتێکی دیکه‌ش که به پێویستی ده‌زانم باسی لێبکه‌م ئه‌وه‌یه که ئێمه به درێژایی مێژوویی تێکۆشانی خۆمان، کۆمه‌ڵێک ئینسانی موسوڵمانی بێزه‌ره‌ر بووین‌و ئه‌گه‌ر خزمه‌تی زۆرمان بۆ خه‌ڵکی خۆمان له‌ده‌ست نه‌هاتبێ، خیانه‌تیشمان پێنه‌کردووه‌و ئه‌م ته‌فسیره عهسریهمان له دینی ئیسلام به‌لاوه په‌سه‌نده و خۆشمان به درێژکراوه‌ی هێچ رێخراوهیهک نازانین و پێمان وایه ئه‌و جۆره لێدوانانه ئیهانه‌ت کردن به ئێمه‌یه و ئێمه هیچ کوێخایهکمان ناوێ که ئاغایه‌تیمان له‌سه‌ر بکا و ئه‌گه‌ر وا با، ناوی ئه‌وانمان له سه‌ر خۆ دادهناو حوکومه‌تیش باش ده‌زانێ که ئێمه چاومان له دمی که‌س نییه و خۆمان بڕیار له چاره‌نووسی خۆمان ده‌ده‌ین و به پێی هه‌لومه‌رجی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی وڵاتی خۆمان به شێوه‌یه‌کی هێمانانه و مه‌ده‌نی – به یارمه‌تی خوا- ده‌چینه به‌ره‌وه‌و بووینه‌ته هۆی ویفاقێک له نێوان چه‌ندین که‌مایه‌تی سه‌ره‌کی ئێرانی‌و هه‌موومان له‌سه‌ر خوانێک نانی ته‌بایه‌تی، برایه‌تی -و به یارمه‌تی خوا فیدراڵی- ده‌خۆین.
جۆره ئیزدیواجیهتێکی دیکه‌ی که له‌م نووسراوه‌یه و نووسراوه‌کانی دیکه‌ی له‌م چه‌شنه‌دا، دێته به‌رچاو ئه‌وه‌یه که بۆچی حیزب و تاقمی نائیسلامی بۆیان هه‌یه‌و بۆیان مایه‌ی شانازیه که ببنه ئه‌ندامی فڵان " رێخراوه‌ی ئینترناسیۆنال سوسیالیست و فیساره کۆنگره‌ی ده‌ره‌کی و... " به‌ڵام بۆ کورده ئیسلامیه‌کانی کوردستان عه‌یبێکی گه‌وره‌یه که له‌گه‌ڵ برا هاودینه هاوئایینزاکانی خۆیاندا، په‌یوه‌ندی و عه‌لاقه‌ی دۆستانه‌یان هه‌بێ؟!!
باسی حوکومه‌تی هه‌رێم
من ئه‌و ده‌سکه‌وته‌ی کورد له باشووری کوردستان که به‌رهه‌می زیاتر له سه‌د ساڵ خه‌بات و فرمێسک و شه‌هید بوونی هه‌زاران زانای ئایینی و مرۆڤی کوردی تێکۆشه‌ر و کاول کردنی زیاتر له ۴ههزارو پێج سه‌د گووندی کوردستانه به‌رز ده‌نرخێنم، به‌ڵام ئه‌وه به مانای ئه‌وه نیه که چاوی خۆم له که‌موکورتیه‌کانی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مه‌ی که له‌وێدا خۆی به‌سه‌ر خه‌ڵک دا فه‌رز کردوه بنووقێنم و ره‌خنه‌ش به گوناح نازانم، ئاشکرایه ده‌سه‌ڵات خۆی له خۆی دا فه‌ساد دێنێ و کوردی و ناکوردی ناناسێ‌و له ده‌ست هه‌ر که‌سێك دا بێ، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی به شوێنه‌وه نه‌بێ، ده‌بێ کۆنتڕۆڵ بکرێ، گرینگ ئه‌وه نیه که کێ ده‌سه‌ڵاتی به ده‌سته‌وه‌یه، به‌ڵکوو گرینگ ئه‌وه‌یه که چۆن ده‌سه‌ڵات به‌ڕیوه ده‌چێ. ئایا ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات له ئارا دایه یان نا؟ ئایا یاسا سه‌روه‌ره یان حیزبه‌کان؟ ئایا پارلمان قه‌راری کۆتایی له سه‌ر شته‌کان ده‌دا یان له ژووره داخراوه‌کانی مه‌کته‌ب سیاسی دوو حیزبه سه‌ره‌کییه‌که‌ی کوردستان بڕیاری نه‌هایی به له‌به‌ر چاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی دوولایه‌نه(نه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی گشتی) ده‌درێ؟ ئایا دێمۆکڕاسی ته‌وافوقی و پێکهاتنی مه‌سڵه‌حه‌تی دوو هێزی سه‌ره‌کی و دابه‌شکردنی فیفتی- فیفتی ده‌سه‌ڵات و قۆرخ کردنی سه‌دا له سه‌تی ده‌سه‌ڵات و پهڕاویزخستنی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و تاڵان کردنی سهروهتو سامانی خه‌ڵکی ره‌شۆکی کوردستان پێویستی به ره‌خنه نیه؟ من له ناسنامه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار ناپرسمو لام وایه هه‌ر چه‌شنه پیرۆزیه‌ک -چ قه‌ومی چ ئایینی- له ده‌سه‌ڵات دا قێزه‌ونه‌و ده‌بێ به‌رگی قه‌داسه‌ت له ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداران دابڕندرێ و مه‌ودای خراپ پڕاکتیزه‌کردنی ده‌سه‌ڵات به هیچ که‌س، حیزب و عاشیرهتێک نه‌درێ. به باوه‌ڕی من ره‌خنه‌گرتنی زانستییانه، بنیاتنه‌ره نه‌ک رووخێنهرو به دوژمنکاری نایه‌ته ئه‌ژمار؛ وه‌کوو ئێستا نوئام چامسکی گه‌وره‌ترین ره‌خنه‌گری سیاسه‌ته‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئامریکایه و له ئه‌وپه‌ڕی حورمه‌تیش دایه.
له‌بیریشمان نه‌چێ هه‌ر ئه‌مساڵ(2007) بوو، رێخراوه‌ی چاوه‌دێری له مافی مرۆڤ(Human rights watch) له ئاکامی لێکۆڵینه‌وه له گرتووخانه‌کانی کوردستانی باشوور، راپۆرتی پێشێل کردنی مافی مرۆڤی له کوردستان ده‌رکرد. پێموایه ئه‌گه‌ر زۆرتر له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بڕۆم " به‌قه‌را مهسنهوهیهکهو حه‌فتا مه‌ن قاقه‌زی ده‌وێ".
کاک سیروان له به‌شێکیتری نووسراوه‌که‌ی دا گله‌یی له نووسه‌ر ده‌کا که بۆچی زووتر ئاگای له ئه‌نفال و کوردقڕانهکانی باشوور نه‌بووه و ره‌خنه‌ی تووندی ئاراسته ده‌کا که بۆچی نووسیوێتی ئێران و میدیایی ئیرانی دوای کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه ئه‌م شته‌ی له‌قاو داوه؟ دوابه‌دوای ئه‌و قسه‌یه‌ش شانه‌که‌ی له‌سه‌ری ئیخوان و ئامووزهکانی داده‌شکێنێ و له ئاکام دا ئه‌و "که‌شفه گه‌وره‌یه" ده‌کا که ئه‌وه خه‌تای به‌ننا، قوتب و قهرزاویه که بارام باسی ئه‌نفالی نه‌بیستووه، به‌ڵێ من هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم، دڵنیام که بۆ یه‌که‌م جار مه‌زلوومیه‌تی کورد له باشور به هۆی راگه‌یه‌نه گشتیه‌کانی ئێرانه‌وه له پاش کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه وهدهرکهوتو ده‌نگی دایه‌وه و باش له‌بیرمه ئه‌و کاتی ئه‌و هه‌واڵه جهرگبڕهمان له که‌ناڵی یه‌کی ته‌له‌فزیۆنی ئێران دیت و بیست و مێژووش باشترین شاهیدی ئه‌م قسه‌یه. باسی ئه‌نفالیش تا دوای راپه‌ڕینه‌کانی 91 و کرانه‌وه‌ی میدیا کوردیه‌کان(پێشتر کوردستان تێ‌ڤی و دواتریش کوردسات) له ساڵی 2000 به‌ولاوه، بۆ ئێمه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی مه‌تره‌ح نه‌بوو و خه‌ڵکی ئێمه ئاگایان لێی نه‌بوو یان لانیکه‌م من لێی بێخهبهر بووم، ئه‌خر چ بکه‌م! غه‌یب نازانم و نامه‌ی نه‌نووسراو ناتوانم بخوێنمه‌وه و ده‌روێشیش نیم، که‌رامه‌تێک بنوێنم و شتێک که نه‌مبیستووه له " علم لدنی"وه له جامی جه‌م دا، پێم بگووترێ. شایه‌دیش کاک سیروان بۆخۆی ئه‌و هه‌واڵه‌ی بڵاو کردبێته‌وه و بۆیه وا قسه‌که‌ی منی به‌لاوه سه‌یرو سه‌مه‌ره هاتۆته به‌رچاو و له نووسراوه‌که‌شی را دیاره که زانستی غه‌یبی ده‌زانێ بۆیه هاتووه له‌باتی" ئهنگیخته"، " ئه‌نگیزه و نیت"ی من موحاکه‌مه ده‌کا و له ناخی دڵیی مهمانان گه‌یشتووه که باسی ئه‌نفال بۆ ئێمه‌مانان"هاکهزایییه و ناگاته دڵـمان" به کورتی کاکه سیروان ورده ورده " سرووش"یشی بۆ دێته خوارێ" لما یدخل الإیمان فی قلوبکم"!!!
کاک سیروان ئیدیعایه‌کی دیکه‌شی له درێژه‌ی قسه‌کانیدا کردوه؛ ئه‌و ده‌ڵێ " به‌شێک له فتواده‌رانی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌ب" فه‌توایان بۆ سه‌دام داوه، به‌ڵام پیاو حه‌ق بڵێ هیچ دۆکۆمێنتێکی بۆ سه‌لماندنی ئه‌م ئیدیعا گه‌وره‌یه- که بێگوومان تۆمه‌تێکی ناڕه‌وایه- بۆ خوێنه‌ر عه‌رزه نه‌کردوه! کێ و له کوێ بۆ سه‌دام فه‌توای شه‌ڕیان داوه، مه‌علووم نیه! مه‌گه‌ر سه‌دام باوه‌ڕی به فه‌توا هه‌بووه یان ته‌نیا له ئیسلام وه‌ک ئامرازێک -وه‌کوو پێشتریش نووسیومه- بۆ سه‌رکووتی موخالیفانی خۆی که‌ڵکی وه‌رگرتوه‌و به‌س و ئه‌و زاڵمه پیاوکووژه پانعهربیستێکی ناسیۆنال سۆسیالیستی عه‌ره‌بی بووه و سه‌رکه‌وتنی ئوممه‌ی عه‌ره‌بی به‌لاوه گرینگ بووه و هیچیتر. (هه‌ڵبه‌ت من ناڵێم موسوڵمان نه‌بووه و له خواره‌وه‌دا ئه‌مه‌م ڕوون کردۆته‌وه)
کاکه سیروان له درێژه‌ی نووسینه‌که‌یدا بۆ جاری چه‌نده‌م هیڕش ده‌کاته سه‌ر نووسه‌ر و ده‌ڵێ که ئێوه نابێ باس له فه‌توای د.قه‌رزاوی که له‌مه‌ڕ " به زۆر داگیر کردن" و " غه‌سب"ی زه‌ویه‌کانی که‌رکووک و ناوچه ته‌عریبکراوه‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌ی عه‌ره‌به هاورده‌کان بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی " که‌رکووک" به‌زمانی کاریگه‌ری دین و به کاریزمایه‌کی ئایینی تایبه‌تی خۆی وه‌کوو زانایه‌کی گه‌وره‌ی ئایینی، ویستبووی چاره‌سه‌رێکی هێمانانه بۆ ئه‌م کێشه‌یه بکا، بکه‌ن! باشه کاکه گیان! تۆ بۆ هه‌موو شتێک له ئه‌نفالدا کورت ده‌که‌یه‌وه؟ راسته ئه‌نفال، ژینۆسایدێکی سامناک و جینایه‌تێکی دژی مرۆڤایه‌تیه؛ به‌ڵام به پێی قاعیده‌ی فه‌توا، له فه‌توای ناوبراو دا باس و حوکمێکی فێقهی بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌و رووداوی ته‌عریب و داگیرکاری دراوه‌و و ئه‌نفال له‌و فه‌توایه دا مه‌وزووعیه‌تی نیه. باشه با له عه‌ره‌بان گه‌ڕێین؛ من له ئێوه ده‌پرسم تا ئێستا چه‌ند ده‌وه‌ڵه‌ت له ده‌وڵه‌تانی پێشکه‌وتووی رۆژئاوا، ئه‌نفال و کوردقڕانی بادینان و گه‌رمیانیان به " ژینۆساید و جه‌نایه‌ت دژی مرۆڤایه‌تی" ناساندوه؟ ئه‌گه‌ر کاک سیروان ته‌نیا وڵامی ئه‌م پرسیاره‌م بداته‌وه‌و ناوی ئه‌و ده‌وڵه‌تانم بۆ دیاری بکا گه‌لێک سوپاسی ده‌که‌م.
کاک سیروان بۆ ده‌رکردنی ڕقیی خۆی به ئیخوان، وای لێهاتوه دیفاع له سه‌ددامی دیکتاتۆر ده‌کاو "سیاسه‌تی دوژمنی دوژمنه‌که‌ت دۆستی تۆیه" ره‌چاو ده‌کاو ده‌نووسێ که سه‌ددام مافی خۆی بووه که ئیخوانیه‌کانی عێڕاق قه‌تڵ و عام کا چوونکه درێژکراوه‌ی ئیخوانی میسر بوون! من له‌و گومانه دام که کاک سیروان یا فیکری ئیخوان به چاکی ناناسێ یان خۆی لێ گێل کردوه و شایه‌دیش په‌رچه‌کرداره و هه‌ڵوێستی چه‌ند که‌سی هاوشاری خۆی وای لێکردوه که دایکی بزاڤی ئیسلامی واته ئیخوان، که به " میانه‌ڕه‌ویی و مامناوه‌ندێتی" له هه‌موو شتێک دا ناوبانگی ده‌رکردوه و زۆر که‌س له ئیسلامییه توونرهوهکان به ترسنۆکی و ته‌عتیل کردنی فه‌ریزه‌ی" جیهاد" مه‌حکوومی دهکهنو ته‌کفیری ده‌که‌ن، به شتێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره بزانێ؟ حه‌تمه‌ن ئه‌وه‌شی نه‌بیستووه که ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ی نه‌یانتووانیوه له ماوه‌ی80ساڵی رابردوودا تهحهمهمولی مامناوهندیێتی، هێمنی، هێوری و لێبورده‌یی ئیخوان بکه‌ن، وازیان له ئیش‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌م بزاڤه هێناوه‌و چه‌کیان هه‌ڵگرتووه‌و ده‌ستیان به کووشتنی خه‌ڵك و ته‌کفیری خه‌ڵكی بێ‌تاوان کردوه؟ نموونه‌ی هه‌ره به‌رچاو و خۆماڵی ئه‌و که‌سانه "مه‌لا کرێکار" له باشوور و " مه‌لا عه‌بدولقادری ته‌وحیدی"له رۆژهه‌ڵاتن.
ره‌خنه‌گری به‌ڕێز له به‌شیک له نووسراوه‌که‌ی دا ده‌نووسێ: " له به‌شێکی دیکه‌ی نووسراوه‌که‌دا باسی ئه‌وه کراوه که سه‌ددام موسوڵمان نه‌بووه، چوونکه له کاتی خۆیدا 126 که‌سی سه‌ر به جه‌ماعه‌تی ئیخوانی له دار داوه و دوای رووخانی ره‌ژیمی به‌عس سه‌دان فایل و به‌ڵگه‌ی دژی حه‌ڕه‌که‌ته ئیسلامیه‌کان دۆزراونه‌وه." من بۆ ئه‌وه‌ی که دووباره‌کاری نه‌بێ، ناچمه‌وه سه‌ر ئه‌و بڕگه‌یه له باسه‌که‌ی خۆم؛ به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم؛ من وه‌کوو به‌ڕێزیان هه‌ر وا گۆتره‌یی "وشه"و "زاراوه"کان ده‌کار ناهێنم و هه‌ر چه‌مکێک لای من مانای کۆنکرێت و تایبه‌تی زمانه‌وانی خۆی هه‌یه؛ بۆ وێنه من باسی کوفرم له ووتاره‌که‌ی پێشوودا روون کردۆته‌وه و کاک سیروان حه‌واڵه ده‌ده‌م که دووباره بیخوێنێته‌وه، پێموایه ئه‌ونده فێر بووم که به کافرزانینی خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت که‌سێکی وه‌کوو سه‌ددامیش هه‌ر وا سانا نیه و لانیکه‌م ئیشی من نیه. من به هیچ شێوه‌یه‌ک نهمگووتوهو ناشڵێم که سه‌ددام کافر بووه؛ به‌ڵكوو من بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنم که سه‌ددام دژی موسوڵمانان‌و ئیسلامیه‌کانیش بووه‌و ته‌نانه‌ت قهڵاچۆشی کردوون‌و بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپه‌رچی ئه‌م چه‌شنه چه‌واشه‌کارییانه بده‌مه‌وه، وه‌کوو فاکتێکی مێژوویی باسم له کووشتاری ئیخوانه‌کان له به‌غدا کردوه نه ئه‌وه که ئه‌و ده‌ره‌نجامه ناره‌وایه‌ی لێبکه‌وێته‌وه که چوونکه سه‌ددام 126 که‌سی ئیخوانی کوشتووه تاوانبار‌و ناموسوڵمانه، به‌ڵام ژینۆسایدی 182هه‌زار کوردی بێ‌تاوان هیچ بایه‌خی نیه!(هه‌ڵبه‌ت کووشتنی موسوڵمانان نابێته هۆی کوفر و کافربوونی که‌سێک) برای به‌ڕێز! که‌ی ئه‌و ئاکامه له تێکسته‌که‌ی من وه‌چنگ ده‌که‌وێ، ئه‌م جۆره لێدوانه وه‌کوو ئه‌و شێوه به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌یه ده‌چێ که بڵێین "زه‌وی به ده‌وری خۆر دا ده‌خولێته‌وه، چوونکه هه‌نگوین شیرینه" ئه‌م قیاسی که‌شک و مهشکو پێکه‌وه گرێدانی ئاسمان و رێسمانی بۆچی بوو! من ویستوومه بڵێم که به لای منی موسوڵمانه‌وه هه‌موو ئاکاره‌کان و که‌ڵکی خراپ وه‌رگرتنی سه‌ددام له ئیسلام و هێمایهکانی ئیسلامی وه‌کوو "ئه‌نفال، مخیم ابوبکر، مخیم خالد بن ولید و ...." پرێتیستۆ کراوه و من وه‌کوو موسوڵمانێک شه‌رمه‌زاری ده‌که‌م؛ باشتر وایه حیسابی موسوڵمان و ئیسلام لێکتر جوێ که‌ینه‌وه.
کاک سیروان نووسیوێتی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌ب و سمایل هه‌نییه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووی فه‌له‌ستینی سه‌ددامیان وه‌کوو پاڵه‌وانی ئیسلام ناو بردوه‌و پرسه‌یان بۆ داناوه و ... نازانم سمایل هه‌نییه و ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌به‌کان چ په‌یوه‌ندێکی به باسه‌که‌ی من‌و خودی من هه‌یه که کاکی ره‌خنه‌گر به‌نده، له قسه و هه‌ڵوێستی ئه‌وان به‌رپرسیار ده‌کا و ره‌نگبێ ئه‌گه‌ر -کاک سیروان به‌م عه‌قڵییه‌ته‌وه-له ده‌ستی هاتبا له‌باتی سه‌ددامیش منی سزا دابا؟؟ من به‌رپرسی نووسینه‌کان و راوبۆچوونی شه‌خسی خۆمم و به‌رپرسایه‌تی کاری دروست‌و نادروستی که‌س وه‌ئه‌ستۆ ناگرم. من تێناگه‌م کاک سیروان ئه‌م هه‌مووه چه‌واشه‌کاریه‌ی بۆ کردوه!! ئیستا له کۆمه‌ڵگای خۆمان چه‌ندین جۆره پراکتیزه‌کردنی ئیسلاممان هه‌یه، چه‌نده‌ها ته‌ریقه‌ت و رێبازی ده‌روێشی و تهسهووفمان هه‌یه؛ ئایا دروسته ئه‌گه‌ر سۆفیی فڵانه ته‌کیه،خانقا و شێخ هه‌ڵه‌یه‌کی کرد، حوکمێکی گشتگیر بدهینو بڵێین هه‌رچی ته‌سه‌ووف و عیرفانه نادروسته‌و شێخ، خه‌لیفه، مورید، سۆفی‌و ده‌رویش هه‌ر هه‌مووی خراپن؟ یا گریمان ته‌نانه‌ت "به‌ناو شێخێک" تاوانێک له تاوانه گه‌وره‌کانی ئه‌نجام دا یان دوکان و بازاڕێکی به ناوی دین دانا‌و و له دین بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی خۆی که‌ڵکی وه‌رگرت، بڵێین هه‌موو ته‌ریقه‌ته‌کان و کۆی تهسهووفو عیرفان شتێکی نادروست و نابه‌جێیه و ته‌ڕ و ویشک پێکه‌وه بسووتێنین؟ ئه‌سڵه‌ن ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌که وای لێهات ده‌بێ بۆ تاوانی هه‌ر موسوڵمانێکی تاوانبار یه‌خه و به‌رۆکی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام بگرین‌و موحاکه‌مه‌ی که‌ین که بۆچی ئه‌و مسوڵمانه کاری وا ناله‌بار ده‌کا؟! ئایا ئه‌و شێوه بیرکردنه‌وه‌یه مه‌نتقییه؟ من ته‌نیا و ته‌نیا له حاند کردوه‌ی خۆم به‌رپرسیارم (لاتزر وازرة وزر أخری) وه‌باڵی که‌سم له ئه‌ستۆ دانیه‌و که‌سیش له‌جیاتی که‌س ناچێته ناو گۆڕه‌وه. ئه‌گه‌ر سمایل هه‌نییه، قه‌رزاوی یان حه‌تتا ئه‌بووبه‌کری سیددیقیش-خوا لێی رازی بێ- هه‌ڵه‌یه‌کی کردوه، خۆی لێی به‌رپرسیاره و من حه‌قم به سه‌ریه‌وه نیه و ته‌نیا وه‌کوو موسوڵمانێک دوعای خێری بۆ ده‌که‌م و ده‌ڵێم"ربنا إغفر لنا و لإخواننا الذین سبقونا بالإیمان" واته خوایه له ئێمه و له ئه‌و برا ئیمانییانه‌ی که له ئیمانهێنان پێش ئێمه، که‌وتن خۆش به. ئه‌وانیش گه‌لێک و نه‌ته‌وه‌یه‌ک بوون که قورئان باسیان ده‌کا و ده‌فه‌رموێ: "تلک أمة قد خلت لها ماکسبت و علیها ماکسبت" و ئاره‌زوومه هه‌موو مرۆڤه‌کان، بکه‌ونه به‌ر رێژنه‌ی ره‌حمه‌تی خوا و بچنه ناو به‌هه‌شتی نه‌بڕاوه‌ی خوا. جا ئه‌گه‌ر کاک سیروان ده‌ره‌نجامی هه‌ڵیتو په‌ڵیتی دۆستانی خۆی وه‌ستۆ ده‌گرێ، ئه‌وه ئیتر په‌یوه‌ندی به خۆیه‌وه هه‌یه!
کاک سیروان له درێژه دا نووسیوێتی که: "نازانم بۆ به‌ڕێز بارام به وشه‌ی عه‌ڕه‌بی« ئه‌نفال» قه‌ڵسه و پێی وایه ته‌نیا دوو حیزبی سه‌ره‌کی له هه‌رێمی فیدڕاڵی کوردستاندا که‌ڵکی پێویست له وشه‌ی « ئه‌نفال» وه‌رده‌گرن!! به‌ڕێزیان پێشنیار ده‌کا وشه‌ی « ژینوساید» به‌کار بێنن. به بڕوای من باشتر ئه‌وه‌یه که ئێستا بارامی خۆشه‌ویست ئه‌نفال یا ژینۆسایدی گه‌لی کوردی به گوێ بگات و هه‌ست به زوڵم لێکراویان بکات،ئه‌گه‌ر سه‌ددامی به کافر ده‌زانی پێشدا به هۆی ئه‌وه بایه که 182000 کوردی بێسه‌ر و شوێن کرد..."
به‌ڵێ خوێنه‌ری هێژا، کاک سیروانی ئازیز مافی خۆیه‌تی که له فه‌لسه‌فه‌ی پێشنیار کردنی ووشه‌ی " ژینۆساید" به جێگه‌ی " ئه‌نفال" تێنه‌گا، باشتر وایه کاک سیروان چاوێک له‌و کتێبانه که له بواری زانستهکانی" مافناسی و حوقووقی نێونه‌ته‌وه‌یی" دا نووسراونه‌ته‌وه بکا و تێ‌بگا که وشه‌ی ژینۆساید زاراوه‌یه‌کی حقووقیه و به مانای قه‌ڵاچۆکردنی کۆمه‌ڵێک مرۆڤی بێتاوانو پاکتاوکردنی رهگهزیهو تاوانه دژی مرۆڤایهتیو ده‌بێ لێی بپێچرێته‌وه و ئیجرائاتی به‌رانبه‌ر بکرێ، به‌ڵام ووشه‌ی ئه‌نفال ناوی سووره‌تێکی قورئانه و به مانای "سامانه گشتیه‌کانی حوکومی ده‌وڵه‌تی ئیسلامه وه‌کوو کانزا‌کان، له‌وه‌رگه‌کان و جهنگهڵهکانو... که خاوه‌ندارێتی تاکه‌که‌سی هه‌ڵناگرێ"، من بۆیه ئه‌م ووشه‌یه‌م پێشنیار کردوه -که دیاره پێشتریش له‌لایه‌ن که‌سانێکی دیکه ئه‌م باسه هاتۆته گۆڕێ و ئه‌م پێشنیاره تازه نیه- که هه‌م لایه‌نی حوقووقی بدرێ به کێشه‌که و هه‌م ئه‌م په‌ڵه‌یه که به ناهه‌ق دراوه‌ته پاڵ ئیسلام، لا بچێ. به‌ڵام داخه‌که‌م زیهنیه‌تی موشهوهشو ئیدۆلۆژیک، چاویلکه‌ی ڕه‌شبینی که کاک سیروان له چاوی داوه، نایه‌ڵێ به‌ڕیزیان باش له قسه‌کانی من تێ‌بگا.
کاک سیروان له درێژه‌ی چه‌واشه‌کاریه‌کانی دا نووسیوێتیو پیێ وایه که کۆی ئه‌و یارمه‌تیانه‌ی له‌لایه‌ن ده‌زگاکانی فریاکه‌وتن له کاتی ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ریی میلیۆنی کوردستان بۆ که‌مپه‌کان هاتوون، هه‌مووی بۆ په‌ره‌پێدانی کاری حیزبی ده‌زانێ و قه‌ڵه‌می بوتڵان به‌سه‌ر هه‌مووی دا دێنێ و ده‌نووسێ ئه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی دا ئه‌و کارانه کراون، منیش ده‌ڵێم ره‌نگه وا بێ-هه‌رچه‌ند من له‌و قه‌ناعه‌ته دا نیم- گریمان وا بووبێ؛ به‌ڵام بێگومان ئه‌و فه‌رته‌نه و ئه‌و هه‌زاران لاوی کورده‌ی که له شه‌ڕی مامه و کاکه‌دا گیانیان له ده‌ست دا، له ڕێگای مزگه‌وت و نوێژ خوێندن وایان لێنه‌هات! مه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو کوردکووژیه له‌سه‌ر " وه‌ده‌سهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و گومرۆکی برایم خه‌لیل" نه‌بوو؟ بۆ کورد کووشتن به خاتری "به‌رژه‌وه‌ندی ماددی حیزبی" بۆ ئه‌وان ره‌وایه به‌ڵام کاریی حیزبی شه‌رعی بۆ ئیسلامیه‌کان تاوانێکی گه‌وره‌یه؟ بڕێک ئه‌ولاتر بڕۆیین کام حیزب له‌م حیزبه سکۆلاره گه‌ورانه‌ی کورد له باشوور و رۆژهه‌ڵات دا، هه‌ن که که‌م یان زۆر له دۆسیهیاندا کوردکووژیو براکووژی تۆمار نه‌کرابێ؟ ئایا ئه‌وه په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌تی یه‌ک بان و دوو هه‌وا نیه؟
با کاک سیروان دڵنیا که‌م من له کوردستانی باشور حیزبم نیه‌و ئه‌ندامی حیزبێکی تایبه‌ت نیم، که نان له سه‌ر خوانی حوکومه‌تی هه‌رێم بخوا و با ئه‌و راستیه‌ش بزانێ که ئازادی، حوکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات مڵکی باب و باپیرانی که‌س نیه که به خێرا خۆیان بیده‌ن به خه‌ڵك‌و لایه‌نه‌کانی دیکه، ئه‌وه سه‌ره‌تاییترین مافی سیاسی و حقووقی سرووشتی خهڵکو هه‌ر گرووپێک له مرۆڤه‌کانه که مادام پێگه‌یه‌کی 5 له سه‌دی جه‌ماوه‌ریان له‌گه‌ڵدا بوو، مافی تێکۆشانی سیاسی و بوون به ئۆپۆزیسیۆنی یاسایی ده‌سه‌ڵاتی زاڵ و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات و ره‌قابه‌تی حیزبی بۆ وه‌ده‌سهێنانی ده‌سه‌ڵاتیان ببێ، سه‌ره‌تاییترین و سه‌ره‌کیترین بابه‌تی سیاسه‌ت یانی هه‌وڵدان بۆ وهدهسهێانی ده‌سه‌ڵات. کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و حیزبه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن مافی ره‌خنه‌گرتنیان له ده‌سه‌ڵات هه‌یه؛ به‌ڵام داخه‌که‌م له‌م بواره‌شدا ئێمه هێشتا له سه‌ره‌تای رێگا داین. ئه‌و مافانه شتێک نین که ده‌سه‌ڵات بیدا به‌ڵکوو ئه‌وانه خۆیان له حوکومه‌ته دیمۆکڕاتیکهکانی جیهان دا مسۆگرن.
کاک سیروان له دوایین به‌شه‌کانیی نووسینه‌که‌یدا به به‌راوه‌رد کردنی لێدوانێکی رۆژنامه‌وانی به‌ڕێز ئه‌مینداری گشتی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی ئێران و به‌شێک له نووسراوه‌که‌ی من که گۆیا به خه‌یاڵی خۆی که‌شفێکی زۆر گه‌وره‌ی کردوه و له بنی کووله‌که‌ی داوه‌و دوو شتی دژبه‌یه‌کی له‌م دوو نووسینه‌دا دیتۆته‌وه ده‌نووسێ": دوایین خالی نووسراوه‌که‌ی بارام له به‌شی یه‌که‌می دا باسی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی ئێران ده‌کات و ده‌ڵی ئه‌م جه‌ماعه‌ته، جه‌ماعه‌تێکی ته‌واو سه‌ربه‌خۆیه و ناسنامه‌ی ئێرانی هه‌یه.من واباشه له سه‌ر ئه‌م ناڕاستییه و چه‌واشه‌کارییه هیچ نه‌ڵێم ته‌نیا سه‌رنجی کۆمه‌ڵگای کوردستان بۆ ئه‌م دوو نووسراوه له لایه‌ن ئه‌مینداری گشتی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحێ ئێران به‌ڕێز عه‌بدولڕه‌حمان پیرانی و به‌ڕێز بارام راکێشم تا خۆیان قه‌زاوه‌ت بکه‌ن و هۆباڵی راستی و ناڕاستیان بۆ بکێشن.به‌ڕێز بارام له به‌شێک له نهقدهکهی خۆی دا ده‌ڵێن:- خوب است بدانید در سایه‌ی حمایتهای ایشان است که امثال دکترعلی محیالدینقرهداغی که یک کرد عراقی است امروزه به دومین شخصیت اسلامی مطرح بعد از قرضاوی تبدیل شده که همو با همفکری و معیت استاد شهید علامه کاک ناصر سبحانی(مرشد اخوان در ایران) و دیگران در سال 1988در ترکیه رابطهی اسلامی کردی را تشکیل دادند. لێره‌دا بارام ده‌ڵی دوکتوور عه‌لی محێدین قه‌ره‌داغی له‌گه‌ڵ شه‌هید ناسر سوبحانی (مرشد)ی ئیخوان له ئێران‌دا و که‌سانێکی دیکه له تورکیه‌دا رابته‌ی ئیسلامیان پێک هێنا.
خالید محه‌مه‌دزاده: چه‌ند ساڵه به‌رپرسیاره‌تی "جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی ئێران "تان له ئه‌ستۆیه؟
پیرانی : ھاوكات له گه‌ڵ شۆرشی گه‌لانی ئێران له ١٩٧٩ی زایینی‌دا،له گه‌ڵ بیری ھاوچه‌رخی ئیسلامی ئاشنا بووم و به شوێن رووداوه‌كانی ساڵی ٩١ و شه‌ھیدبوونی مامۆستای پایه‌به‌رز كاك ناسری سوبحانی،له لایه‌ن برایانی "شورای ناوه‌ندی "ئه‌وه به‌رپرسیاره‌تیم پێئهسپێردرا و له یه‌كه‌مین كونگره‌ی جه‌ماعه‌ت له ساڵی ٢٠٠١ و له دووھه‌مین كۆنگره‌ش دا كه ٨ و ٩ی سیپتامبری ئه‌مساڵ به‌رێوه‌چوو، وه‌ك ئه‌مینداری گشتی ھه‌ڵبژێردرام.
ئه‌مه به‌شێکه له دیمانه‌ی به‌ڕێز خالید محه‌ممه‌دزاده له‌گه‌ل به‌ڕێز عه‌بدولڕه‌حمان پیرانی که ده‌ڵێن دوای شه‌هید بوونی خوالێخۆشبوو ناسری سوبحانی چێگه‌ی کاک ناسر ده‌گرنه‌وه و ده‌بنه ئه‌مینداری ئه‌م جه‌ماعه‌ته‌ی کاک ناسر ئه‌میندار و به‌رپرسی بوون.
با لێره‌دا خه‌ڵکی کوردستان و ئه‌وانه‌ی ئه‌م نووسراوانه ده‌بینن خۆیان له سه‌ر نووسراوه و پهیڤینهکانی ئه‌م جه‌ماعه‌ته وورد ببنه‌وه و قه‌زاوه‌ت بکه‌ن، به تایبه‌ت به‌ڕێز بارام که پێی وایه راستی له هه‌موو که‌س پێ خۆشتره!!؟"
با (صورت‌بندی)ێکی دیکه‌ی نووسراوه‌که‌ی کاک سیروان بکه‌ین، ئه‌م به‌ڕێزه ویستوویه به‌ڵگه‌یه‌ک بهێنێته‌وه که ده‌ستی بارام له بن پیلی را بپه‌ڕێنێ که جارێکی دیکه هیچ شتیکی پێ نهنووسرێو ده‌یهه‌وێ بڵێ که بارام نووسیوێتی دوکتۆر قه‌ره‌داغی له‌گه‌ڵ مامۆستای شه‌هید له ساڵی 1988دا له تورکیا "رابطه اسلامی کوردی"یان دامه‌زراند و مامۆستا پیرانیش ده‌ڵێ، ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تای شۆڕشی گه‌لانی ئێران‌و هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌و دا له ساڵی 1977 هه‌بووین و من له ساڵی 1991 ه‌وه، سه‌ره‌تا به بێهه‌ڵبژاردن بوومه به‌رپرسی یه‌که‌می جه‌ماعه‌ت و دوای گرتنی کۆنگره له ساڵه‌کانی 2001و 2006یش دا هه‌ڵبژێردراوی کۆنگره‌ی یه‌که‌م و دووهه‌می جه‌ماعه‌ت بووم؛ ئه‌و دوو شته چۆن لێک ده‌درێته‌وه و ته‌بایی له به‌ینیان دا دێته ئاراوه؟ بارام ده‌ڵێ 88 رابیته دامه‌زراوه و پیرانی ده‌ڵێ هاوکات له‌گه‌ڵ شۆڕشی 79؟
له وڵامی به‌ڕێزیان دا ده‌ڵێم له بێتفاقی و بیئاگایی ئه‌و نووسه‌ره تازهپێگهیشتوویه له‌م بووارانه‌دا هیچ دردۆنگ نیم، رابیته‌ی ئیسلامی کوردی دامه‌زراوه‌یه‌کی خێرخوازیی کوردی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستانه و هیچ په‌یوه‌ندێکی ئۆرگانیکی به جه‌ماعه‌تی ئیسلاحه‌وه نیه و سه‌رۆکه‌که‌شی هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زرانی له 88ه‌وه پرۆفیسۆر عه‌لی قه‌ره‌داغییه و جگه له‌وه‌ی که ده‌وری زۆری له پێناسه‌کردنی کێشه‌ی عادیلانه‌ی کورد به دونیای عه‌ره‌ب هه‌بووه‌و سه‌لماندی که کێشه‌ی کورد کێشه‌ی گه‌لێکی موسوڵمانه‌و بۆ یه‌که‌م جار له ئاخنی ئاڵمان له کۆنفڕانسێک دا، گوزینه‌ی " فیدڕالیزم"ی له پێش راپه‌رێنی 91 و ئازادکردنی کوردستان که به حوزووری زۆریک له رۆشنبیرانی ئیسلامی عه‌ره‌ب پێک هێنا بوو، به زۆربه‌ی ده‌نگه‌وه په‌سه‌ند کرد. له شه‌ڕی براکووژیدا دوکتۆر قه‌ره‌داغی وه‌کوو که‌سایه‌تێکی بێلایه‌ن ده‌وری ناوبژیوانی له نێوان یه‌کێتی و پارتی دا هه‌بوو که له کارنامه‌ی سه‌رکه‌وتووی خۆی دا وه‌کوو سه‌رۆکی رابیتهش، زیاتر له 900 پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری گشتی وه‌کوو مزگه‌وت، قوتابخانه و نه‌خۆشخانه و.. تۆمار کردوه و جگه له‌وه‌ش مه‌نشه‌ئی خزمه‌تگوزاری زۆر بۆ هه‌تیوان و بێوه‌ژنان و بیئهنوایانی لێقه‌وماوی کوردستان بووه. جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحیش که له سه‌رتاوه به ناوی " ئیخوانولموسلمینی ئێران" ناوبانگی ده‌رکردبوو هه‌ر له سه‌ره‌تای شۆرشی 79ه‌وه له گۆڕه‌پانی کار و تێکۆشان دا هه‌بووه و به‌ره به به‌ره کارهکانیانو رێکخستنه‌کانیان رێک وپێکتر بووه و له حاڵه‌تێکی نائه‌منی و ژێرزه‌مینی هاتوونه ئه‌و ئاسته‌ی ئێستا‌و به ئاشکرا کار‌و تێکۆشانی خۆیان هه‌یه و خزمه‌ت به گه‌ل و نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیان دهکهنو له هێنده‌ک شوێندا زیاتر ده‌رکه‌وتوون و له هه‌نده‌کیش که‌متر. دلسۆزانیش باش به خزمه‌ته‌کانیان ئاشنان و جێگه په‌نجه‌یان له بواری جۆراوجۆردا -به‌تایبه‌ت له کوردستان-دیاره.
به‌ڕیز حه‌دداد له کۆتایی نووسراوکهی دا نووسه‌ر به‌وه تاوانبار ده‌کا که گۆیا جه‌ماعه‌تی بردۆته عه‌رشی ئه‌علا و هتد.. به‌ڵام من له‌و بڕوایه دام، ئه‌گه‌ر ئه‌م جه‌ماعه‌ته به‌و فیکره کراوه به سه‌ر سه‌رده‌م و عه‌سری خۆیدا له په‌نجا ساڵی رابردوو دا وه‌کوو رێخراوه و جووڵانه‌وه(جنبش) -نه‌ک زانای تاکی موسوڵمان - له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌با، ئه‌م هه‌مووه گه‌نجه دڵپاکه که به هۆی نه‌بوونی ده‌راوێکی ڕوون و رۆشنبیرێکی دینی پوخت‌و پاراو و له زۆربه‌ی کات دا وڵامنه‌دانه‌وه‌ی پێویستی پرسیاره‌کانیان. ئه‌گه‌ر تهسووفێکی[2] بهنجکراوی(دنیاگریز) که هیچ چه‌شنه پرۆژه‌یه‌کی بۆ ئاوه‌دانی دونیا پێ نه‌بوو و خه‌ڵکی به‌تێگه‌یشتنێکی نادروستی زاراوه‌گه‌لی شه‌رعی"قناعت، توکل، قضا و قدر، صبر و فقر و.." له گۆشه‌یه‌کی ته‌کیه و خانقادا قه‌تیس نه‌ده‌بایه و وڵامی پێداویستیه ڕۆحی و فیکریه‌کانی ئه‌و لاوانه‌ی درابایه‌وه، فرێوی ئێدئۆلۆژی و جیهانبینی ماتریالیستی چه‌پیان نه‌ده‌خوارد و به دژی دین نه‌ده‌وه‌ستان. به‌ڵێ ئه‌گه‌ر ئێمڕۆ دیارده دزێوه‌کانی وه‌کوو ژن به‌ژن ، شیربایی خواردن، ماره به جاش، گه‌وره به بچووک، به زۆر به شوودانی کچان، نه‌ناردنی کچان بۆ مه‌دره‌سه و .... که به ناوی دینه‌وه له کۆمه‌لگه‌ی ئێمه‌دا په‌یڕه‌و ده‌کران نه‌ماون یان له خاشهبڕبوون دان؛ ئه‌وه به‌شێکی زۆری به‌رهه‌می رابوونی ئیسلامی به‌گشتی وخه‌باتی بێوچانی که‌ڵه پیاوانی وه‌کوو نوورسی، شاریکه‌ندی، قازی خزری، شێخ موحه‌ممه‌دی خاڵ، ئه‌مجه‌د زه‌هاوی، مامۆستا ره‌بیعی، کاک ئه‌حمه‌دی موفتیزاده، کاک ناسری سوبحانی و ... سه‌دان و هه‌زاران که‌س له‌و کاروانه گه‌وره‌یه دان- خوای گه‌وره پاداشی خێریان بداته‌وه. -
با له کۆتایی دا خوێنه‌رانی ئازیز له چهواشهکارێکی دیکه‌ی کاک سیروان ئاگادار که‌مه‌وه، به‌ڕێزیان له‌م ووتاره دا هه‌رچی پێخۆش بووه و به زه‌ینی موبارهکیی داهاتووه بۆ به‌دنێوکردنی ئه‌م کۆمه‌ڵه ئنیسانه نووسێویتی و دوایه‌ش داوای کردوه که هه‌ره‌شه‌ی لێنه‌کرێ یان بێحورمهتی پێ نه‌کرێ، به‌ڵام ئه‌و جۆره لێدوانانه‌و ئه‌م چه‌شنه مه‌زلووم نمایانه شایسته‌ی رۆشنبیری بوێر و ره‌خنه‌گر نیه و کاکی ره‌خنه‌گر بۆ خۆی ده‌زانێ چی کردوه و بۆیه ده‌ترسێ ئاکامی کاره‌که‌ی هاوچه‌شنی خۆی بێ! به یادی ده‌ورانی منداڵی، ده‌ش وه‌شێنێ و هاواریش ده‌کا!
دیاره کاری ئێمه ئیسلاح و چاکسازی خۆمان‌و کۆمه‌ڵگایه‌و ئه‌م کاره‌ش ته‌گه‌ره‌ی زۆری دێته ڕێی، ئه‌گه‌ر کاک سیروان له‌وه نیگه‌رانه که هێرشیی پێ‌بکرێ، خۆی له هه‌موو که‌س باشتر ده‌زانێ که ئه‌مه تۆمه‌تێکی گه‌وره‌یه و فیکر‌و دڵی ئه‌و جه‌ماعه‌ته زۆر له‌وه گه‌وره‌تره که کاک سیروان به نووسینی ره‌خنه‌یه‌کی ئاوا له مه‌نتیق و لۆژیک بیباته ده‌رێ، کاک سیروان باش ده‌زانێ که بیره دواکه‌تووه چه‌قبه‌ستووه‌کانی که له گۆڕه‌پانی دیالۆگ و ههفپهیڤینهوه هیچیان پێ نیه؛ په‌نا بۆ تووندوتیژی‌و به‌دنێوکردنی خه‌ڵك ده‌بن و له ئاکام دا ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێ، به حه‌زفی فیزیکی ره‌قیب کۆتایی به ژیانیی دێنن.
به‌ڵام ئه‌م جه‌ماعه‌ته خاوه‌نی دهیانو سه‌دان ئه‌ندامی ئه‌کادمیک و خوێنده‌وارو جگه له‌وه‌ش خاوه‌ن بیرێکی مه‌ده‌نی و پابه‌ندی رهوشتو ئه‌خلاقه‌و له مێژه خۆی بۆ دیالۆگ و تێکۆشان بۆ مسۆگه‌رکردنی ئازادیه ئینسانیه‌کانی وه‌کوو ئازادی بیر و را و هه وه‌ها ئازادی ده‌ربڕینی بیر‌و را تێدکۆشێ و خه‌بات ده‌کاو ده‌ستی هه‌موو ره‌خنه‌گرانی دادوه‌ر، به ئه‌خلاق و دڵسۆزی خۆی ده‌گووشێ، ته‌نانه‌ت له‌م پێناوه‌دا ئه‌گه‌ر کار بگاته جێگایهکو که‌سانێک –رۆژێک له ڕۆژان- ده‌ستیان به خوێنی ئه‌ندامانی سوور بێ، ئه‌وان له‌گه‌ڵ خوای خۆیان په‌یمانیان به‌ستووه که وه‌کوو کوڕه‌که‌ی ئاده‌م-د.خ- هه‌ڵوێستیان ئه‌و ووشه جووانانه بێ که به برا بکووژه‌که‌ی گووت: "لئن بسطت یدک لتقتلنی ما أنا بباسط یدی لأقتلک إنی أخاف الله رب العالمین" ئه‌گه‌ر تۆ ده‌ستت درێژ که‌ی تا من بکووژی، من ناتکووژم چوونکه من له خوای په‌روه‌ردیگارم ده‌ترسم . به‌ڵام ته‌وسیه‌ی دۆستانه‌ی من ئه‌وه‌یه که خۆی گووته‌نی" ئیدئۆلۆژیه‌کی نهخوزراوی ده‌ره‌کی"! پێویستی به‌وه نیه که ئه‌و و هاوڕێیانی خۆی بۆ ماندوو بکه‌ن و ره‌خنه و گازه‌نده‌ی له‌سه‌ر بنووسن‌و مرۆڤی تێگه‌یشتوو قه‌ت کاری بێسوودو ئاکام ناکا. ئه‌گه‌ر ئه‌و جه‌ماعه‌ته ئه‌و هه‌مووه له‌لای خه‌ڵكی کورد بێزراوهو نه‌خوازراوه؛ ئه‌ی بۆچی سیروان‌و سیروانهکان ئه‌وه‌نده لێی نیگه‌رانن؟!
هیوادارم ئه‌م روونکردنه‌وه تووانیبێتی به ئامانجی خۆی بگا، هیوامه دوا ئاڵقه‌ی ئه‌م جۆره نووسینهنانهم بێ و چیتر ناچار نه‌بم وڵامی له‌م چه‌شنه بده‌مه‌وه. به هیوای ئه‌وه که هه‌موومان به‌یه‌که‌وه بۆ ودیهێنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی لێبورده، ئازاد، ته‌با و یهکرهنگ به یه‌که‌وه له‌سه‌ر شته هاوبه‌شه‌کان له به‌ره‌یه‌کی هاوبه‌شدا خه‌بات بکه‌ین، نه‌ک- خوای نه‌خواسته- گه‌رای ناکۆکی‌و دوژمنایه‌تی و براکوژی دابنێینه‌وه. خوا بۆخۆی له هه‌مووان ئاگاتره(والله أعلم بالصواب)
------------------
په‌ڕاوێز:
[1]- هه‌ڵبه‌ت من له‌و بڕوایه دام که فیکری ئیسلامی وه‌کوو پرۆژه‌یه‌کی ژیاری هه‌میشه، پێویستی به پێداچوونه‌وه هه‌یه و ئیدیعای ئه‌وه‌ش ناکه‌م بڵێم ئه‌م فیکره ئیسلامیه یان ئه‌و مه‌عریفه ئایینییه هیچ که‌م و کووڕی تێدا نیه، به‌ڵکوو هه‌ر وه‌ک هه‌موو بیرۆکه‌کان، له ئه‌وپه‌ڕی بشێویی خۆی دایه و خه‌باتێکی زۆری ده‌وێ.
[2]- من وه‌کوو خۆم عیرفان و ته‌سه‌ووفی راسته‌قینه به رۆحی ئیسلام ده‌زانم و ئۆگرێکی زۆرم پێی هه‌یه.